ڕێکخراوی نوێگەر: بڕیاری ئاسایش نابێتە ڕێگر لەئەنجامدانی کارەکانمان

دواى داخستنى ڕێكخراوه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئاسایشى سلێمانییه‌وه‌ ڕێکخراوی نوێگەر ڕایگەیاند، گرووپێکی چەکدار بەناوی ئاسایشی سلێمانییەوە بێ فەرمانی دادوەر و بێ بڕیارێکی نووسراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چوونەتە سەر بارەگای ڕێکخراوەکە‌ و دایانخستووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نوێگەر، بۆ گەشەپێدانی هونەریی، کە ناوەندەکەی لە شاری سلێمانییە، لەبارەی داخستنی ڕێکخراوەکەیانەوە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕێکخراوەکەمان ماوەی هه‌شت ساڵە خۆبەخشانە کار دەکات بۆ خزمەتکردن بە کایەی هونەر و کەلتوور لەمشارەدا، خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانی ‌و میوزیکە، دەیان خولی هونەری (میوزیک، شانۆ، شێوەکاری، فۆتۆگرافی) کردوه‌تەوە و چەندین لاوی ئەمشارە تێیدا پەروەدەی هونەرییان وەرگرتووە.

 

نوێگەر دەشڵێت: ڕێکخراوەکەمان خاوەنی فێستیڤاڵی سوورنا و چەندین کۆنسێرتی هونەریی و پێشانگەی شێوەکاریی‌ و شانۆی سەرشەقامە لەمشارە و لە تەواوی کوردستاندا، کۆتا بەرهەممان کۆنسێرتی گرووپی ڕەستاک بوو لە تەلاری هونەر لە ٢٧ـى کانوونی یەکەمى ٢٠٢٤ کە وەک دیاری سەری ساڵ پێشکەش بەمشارە کراوە.

 

ئاشکراشی کردووە، ئەوەی جێی سەرسوورمانە بەرواری ٣١ـى کانوونی یەکەمى ٢٠٢٤ گرووپێکی چەکدار بەناوی ئاسایشی سلێمانییەوە، بێ فەرمانی دادوەر بێ بڕیارێکی نووسراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم، بێ هۆکارێکی یاسایی‌ و کارگێڕیی لە پشووی سەری ساڵدا هاتنەسەر بارەگای ڕێکخراوەکەمان‌ و ڕێکخراوەکەیان داخست‌ و تابلۆیی ناساندنی ڕێکخراوەکەیان دڕاند.

 

ڕێکخراوی نوێگەر ئاماژەی بەوەشداوە، ماوەی چەند ڕۆژێک‌ و لەبەر پشووەکانی سەری ساڵ دانمان بەخۆماندا گرت‌ لەپێناو پاراستنی ئارامی‌ و حورمەتی ئەمشارەدا هیچ وەڵامێکمان نەدایەوە بەو ئومێدەی هەڵە تێگەیشتنێک یاخود هەڵەیەک لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی هێزەکانی ئاسایشدا هەبوبێت، بەداخەوە دوای سەردانیکردنمان بۆ ئاسایشی سلێمانی ‌و بەدواداچوون لە ڕێگەی پارێزەر و دەستەی کارگێڕیی ڕێکخراوەکەمانەوە بۆمان ئاشکرابوو ئەم هەڵسوکەوتە هەرزانەی ئاسایشی سلێمانی بەمەبەست بووە لەسەر ئەساسی گومانی بێبنەما و بێ بەڵگە ئەمکارە قێزەونە نایاساییە نا ئەخلاقییەیان ئەنجامداوە.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، هیچ کارێکمان ئەنجامنەداوە کە لەدەرەوەی پێوانە ئەخلاقییەکانی نەتەوەکەمان بێت‌ و هیچ ئەندامێکی ڕێکخراوەکەمان تۆمەتبار و داواکراوە نییە، بەفەرمانی کارگێڕی ڕێکخراوەکەمان تازەیە و لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تۆمارین، دۆسییەی ڕێکخراو و ئەندامانی لە بەشی مۆڵەت‌ و ڕێکخراوەکانی ئاسایشی سلێمانی تۆمارە و هیچ چالاکییەکمان بێ ئاگاداری ئاسایش ئه‌نجامنەداوە، بەپێچەوانەوە هاوکاری ئاسایشی شارەکەمان بووین‌ و لە هەموو هەڵوێستە نەتەوایەتییەکاندا وەک هونەرمەندی پێشەنگ ئەرکمان بینیوە.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی داواکاره‌ لە داواکاری گشتیی‌ و پارێزگاری سلێمانی‌ و دەزگای ئاسایشی هەرێم‌ و سەجەم هونەرمەندان‌ و دۆستان‌ و ڕێکخراوە هونەرییەکان ‌و بەڕێوەبەرێتی ڕۆشنبیریی سلێمانی‌ و سەندیکای هونەرمەندان‌ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەرکی ئەخلاقی‌ و نەتەوایەتی خۆیان بەرانبەر کۆمەڵێک گەنجی شارەکەیان ببینن‌ و هەڵوێستی ڕوونیان دیار بکەن.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بۆ ئەوەی ئەم هێرشە نائەخلاقییە نەبێتە دەستپێک بۆ هێرشکردنەسەر ناوەندە کەلتووریی‌ و هونەریی‌ و ڕۆشنبیرییەکانی ئەمشارەوە دڵنیایی دەدەین ئەم بڕیارەی ئاسایش نابێتە ڕێگر لەئەنجامدانی کارەکانمان نایەڵین ئەو ڕێکخراوەی بەکاری حەوت ساڵی تەمەنمان پێمان گەیاند بەبڕیارێکی ترسنۆکانەی نابەرپرسانە لەناو ببرێت.