ژنانی ڕانیە هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە

دوێنێ لە زانکۆی ڕاپەڕین کەمپەینێکی کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا و هاوڵاتیان بە کەلوپەل و پێداویستی خۆراکی و ماددی بەشداری کەمپەینەکەیان کرد.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان باشووری کوردستان دەستی بە کۆکردنەوەی هاوکاری کرد و لە پارێزگای هەولێر و دەوروبەری چەندین کەمپەین ڕاگەیەندران.

 

دوێنێ لە زانکۆی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، کەمپینی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا و هاوڵاتیان وەک هەستی نیشتمانی و بەرپرسیارێتییان هاوکارییەکانیان گەیاندە کەمپینەکە.

 

پەیمان ڕەمەزان، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، باسی لە کەمپینەکە کرد، کە بە هەماهەنگی لەنێوان زانکۆی ڕاپەڕین و دامەزراوەی میدیای کوردساتدا بەڕێوەدەبرێت بە ئامانجی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، وتیشێ: ئەو کارەساتەی کە ڕوویداوە، کارەساتێکی مرۆی زۆر گەورەیە، ئەو کەسانەی تووشی کارەساتەکە بوون زۆرینەیان کوردن، بۆیە پێویستە هەوڵبدەین تا بۆمان دەکرێت هاوکارییە جیاوازییەکان لە شار و شارۆچکەکاب کۆبکەینەوە.

 

پەیمان ڕەمەزان داوایکرد، هەمووان بەدەنگ کەمپینەکانەوە بچن و هاوکارییەکان بگەیەنن، دەشڵێت: تکاتان لێ دەکەین کە هاوکاربن، لەبەرئەوەی ڕووداوەکە کارەساتێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس هەیە، هاوکاربن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ خوشک و براکانمان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

پەرژین سلێمان، سەرپەرشتی ڕێکخراوی ماڵێک بۆ لاوان لە دەڤەری ڕاپەڕین، باسی لەوەکرد بە هاوکاری ماددی بەشداری کەمپینەکەیان کردووە، وتیشی: وەک کۆمەڵێک گەنج خۆبەخشانە هاتووین کار لە کەمپینەکەدا بکەین، ئێمە نیگەرانین بەم کارەساتە سروشتیە، ڕاستە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بە کۆمەڵێک قەیرانی جۆراوجۆردا تێدەپەڕین، بەڵام دواجار ئەم کارەساتە سروشتییانە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەسەر کوردانی ئێمەدا بێت، ئێمە دەبێت بە یەک دەست هاوکار و پشتیوانیان بین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببینە یەک پارچەی گەورە و کوردستان پێکبێنین .