خولی ڕاهێنان بۆ کەمکردنەوەی وازهێنان لە خوێندن و هاوسەرگیری منداڵان بەڕێوەچوو

وازهێنان لە خوێندنی کچان لە ناوچە گوندنشینەکانی مەغریب هۆکاری سەرەکی زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵانە، ڕێکخراوە فێمینیستەکان و مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە خول و پەروەردە دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکان.

ڕەجا خیرات

 

مەغریب- ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لە مەغریب لە چوارچێوەی پرۆگرامی پڕۆژەی "گەنجانی باراکا" بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەری، کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ دەستیپێکرد و لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ کۆتایی دێت، خولی مەشق و ڕاهێنانیان ڕێکخست.

 

خولەکان لە زۆرێک لە ناوچە گوندنشینەکانی مەغریب ڕێکخراوە، سنا زەعیمی، بەرپرسی فیدراسیۆنی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، خولەکان بەشێکن لە لایەنی پەروەردەیی پڕۆژەی "گەنجانی باراکا" و لە دەروازەی بازاڕەکانی هەفتانە بانگەشەی بەشداربوونمان کرد و جگە لە لایەنی هۆشیاری و ڕاهێنان، بەشداربووان کاریان بۆ هۆشیاری کۆمەڵگەش کرد.
 

ئەوەشی خستەڕوو کە خولەکە کۆمەڵێک کچیان دەستنیشانکرد کە لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی و ناوەندیدا بوون و چەندین سیمیناریان پێشکەشکرا، هاوکات تیمی دووەم سەردانی بازاڕەکانیان کرد و لەگەڵ دایکان و باوکان کۆبوونەوە بەمەبەستی پڕکردنەوەی ڕاپرسی کە تیشک دەخاتە سەر واقیعی بارودۆخی ناوچەکە، و ئەم فۆرمانە بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و پێداویستییەکان وەرگیراون، کە دواتر یارمەتیدەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کێشەکانی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە وازهێنانیان لە خوێندن و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا، هەروەها وتیشی: ماوەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێکخراوەکە هەڵمەتێکی هاوشێوەی بەڕێوەبردووە و ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە بووەتە کە کچان لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیری پێدەکات.

 

 

سنا زەعیمی ڕوونیشیکردەوە، کێشەی سەرەکی کە دەبێتە هۆی وازهێنان لە خوێندن لای کچان، دووری لە دامەزراوەکانی خوێندن و نەبوونی گواستنەوەی قوتابخانەیە، تەنانەت ئەگەر لەبەردەستیشدا بێت، بەشی هەندێک لە دانیشتووان دەکات و پێداویستییەکان پڕ ناکاتەوە، بۆیە بەشێک لە کچانی گوند ناچار دەبن کاتژمێرەکانی بەیانی زوو لە ماڵ دەربچن تا کاتی دەوام لە کاتژمێر ٨ بگەنە قوتابخانەکان، نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیش وایکردووە کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبکات و هۆکارێکە بۆ وازهێنانی کچان لە خوێندن.

 

چارەسەرکردنی کێشەکانیش بە ڕای سنا زەعیمی ئاسانە و دەکەوێتە سەر شانی دەسەڵاتداران کە پێداویستی گوندەکان دابین بکەن لە پاس و ئامڕازی گواستنەوە و دابینکردنی ئاسایش بۆ کچان لە ناوەندەکانی خوێندندا.