عێراق هاوکارییەکانی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوانە کرد

حکومەتی عێراق هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو کەسانە نارد کە لە بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان زیانیان پێگەیاندووە، کە هاوکارییەکان فریاگوزاری پزیشکی و سەرەتاییە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بوومەلەرزەکەی دوێنێ، ٧ی شوبات، کە لە مەرەش ڕوویدا و باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە و زیانی گیانی و ماددی بەرفراوانی لێکەوتەوە، هاوکارییەکان بۆ ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە دەنێردرێت و عێراقیش شەوی ڕابردوو بەشێک هاوکاری سەرەتایی و پزیشکی نارد.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، بە ڕێنمایی محمد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، و بە ئامانجی دابینكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و توركیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، عێراق لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی هاوكاری بۆ هەردوو سوریا و توركیا دەنێرێت كە ئەو هاوكارییانە بریتیە لە فریاگوزاری پزیشكی، فریاگوزاری سەرەتایی، شوێنی حەوانەوە و پێداویستی فریاگوزاری، و دەرمان و سووتەمەنی.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمە لە چوارچێوەی پابەندبوونی عێراق دێت بە پەیوەندی مرۆیی لەگەڵ گەلانی دۆست و دراوسێ و هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی ئەو كارەساتە مرۆییانە.