کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەستیپێکرد

لە پێناو هاوکاریکردنی لێقەوماوان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، کەمپەینێک لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، هاوڵاتیان داوا دەکەن گەلی کورد خۆی هاوخەمی یەکتر بن و چاوەڕێی هاوکاریکردنی وڵاتانی تر نەبن.

سلێمانی

 

بەهۆی بوومەلەرزەکەی دوێنێ ٦ی شوبات، کە بە پلەی ٧.٤، ٦.٥، ٦.٤ ڕێختەر لە مەڕەشی باکووری کوردستان ڕوویدا و زیاتر لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە، بەهۆیەوە چەندین زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، بوومەلەرزەکە لە ناوچەکانی دیلۆک، مەڕەش، ئامەد، سەمسور، مەڵاتیا، ڕەحا، ئیلح، چەولیگ، ئەلەزیز، کلس، ماردین، سرت، شرناخ، وان، موش، بەدلیس، جولەمێرگ، ئەدەنە و عوسمانیە بە هەزاران بینا و باڵەخانەی ڕووخاند و هەزارانی قوربانی لێکەوتەوە.

 

بەهێزی بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش هەبوو، کە سەدان باڵەخانە ڕووخان و هەزاران کەس بریندار و ئاوارەبوون و زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

 

لە باشووری کوردستان کەمپەینی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و کوردان لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە لە ڕێگەی بانک و گەیاندنەوە هاوکارییەکانیان دەگەیەننە شارە زیانلێکەوتووەکان.

 

لە شاری سلێمانیش بەیانی ئەمڕۆ کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری لە ئەمنەسورەکە دەستیپێکرد و هاوڵاتیان هاوکاریی و پێداویستییەکان دەگەیەنن، بەو ئامانجەی ببنە پشتیوانی کوردان و لە کارەساتەکاندا یەکڕیزی و هاوپشتی خۆیان دووپاتدەکەنەوە.

 

"کەمپەینەکە بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان"

سۆما حەسەن، ئەندامی ڕێکخراوی هۆڕایزن، باسی لەوەکرد کەمپەینەکە لەپێناو دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەیە، وتی:داوا لە هاوڵاتیان دەکەین دەستی هاوکارییان درێژ بکەن و دڵنیابن لەوەی هاوکارییەکانیان وەک خۆی دەگاتە شوێنی پێویست، چونکە وڵاتانی تر تا ئێستا هاوکارییان ڕانەگەیاندووە، گرنگە کورد خۆی هاوکاری یەکتر بکەن.

 

کەمپەینە لەپێناو کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ کوردانی پارچەکانی تر، جۆری ئەو هاوکارییانەی وەردەگیرێن بریتین لە "پێداویستییە سەرەکییەکانی خواردن، جلوبەرگ و جێگەی خەوتن، پێداویستی منداڵان، پێداویستی پزیشکی و پارە.

 

"پێویستە گەلی کورد بەرامبەر کارەساتەکان هەڵوێستی هەبێت"

شەیما فەرەیدوون، وەک ژنێک و ئەندام لە تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی بەشداری کردووە لە کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەموو کوردێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە ئاست ڕوودانی ڕووداوێکی لەو شێوەیە، هەرچەندە دۆخی تەواوی کوردستان ناهەمووارە و لە دۆخێکی ئابووری خراپ دایە، بەڵام نەبێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم هاوکارییەکانمان، بەڵکو پێویستە هەموو کوردێک بەپێی توانای خۆی هاوکاری و هاوخەمی خۆی دەرببڕێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا گەلی کورد بەوە ناسراوە لە هەموو دۆخێکدا پاڵپشتی یەکتریان کردووە، بە تایبەت لەو کاتانەی بەشێک لە کوردان لە ناڕەحەتیدان تەواوی هەوڵیان خستووەتەگەڕ بۆ هاوکاریکردنیان، دەڵێت: ژنان لە بەشداریکردنی ئەم جۆرە هاوکارییانەدا دەستێکی باڵایان هەیە، هەمیشە هەوڵیانداوە ببنە پێشەنگی یەکگرتنی گەلی کورد.

 

"هاوکاریکردنی کوردان بۆ یەکتر دەستپێکە بۆ بونیادنانی وڵاتی سەربەخۆ"

هاژە سالار، ئەندامی تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی و چالاکوان، دەربارەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی دوێنێی باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونیکردەوە، وەک تۆڕی ڕێکخراوەکانی سلێمانی هەمیشە پاڵپشتی کوردان بوون لە هەر جێگەیەک بەشداری چەندین کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاریان کردووە بۆ عەفرین و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.

 

ئاماژەی بەوەشدا یەکگرتن و هاوخەمی کوردان بۆ یەکتر یەکێکە لەو سیفەتانەی کوردی پێدەناسرێتەوە، بە گرنگی دەزانێت بۆ بونیادنانی وڵاتی سەربەخۆ یەکگرتنی پارچە جیاوازەکان پێویستە، چونکە لە پاڵپشتیکردنی یەکتردا کوردان بەهێز دەبن و بۆ تەواوی جیهان خۆیان دەسەلمێنن، دەشڵێت: ژنان لە هەموو دۆخێکدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە هەر وەک چۆن خەباتی شاخی هێناوەتە ناو شار، بەو جۆرەش جێپەنجەی خۆیان سەلماندووە لە هاوکاریکردنی تاک بە تاکی کورد.