دواین ئاماری باکووری کوردستان و تورکیا؛ ٢٩٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە

تادێت ژمارەی گیان لەدەستدان و بریندارانی هەردوو بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا ڕوو لە زیادبوونە، بەپێی دوایین ئامارەکان، دوو هەزار و ٩٢١ کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کاتژمێر ٤:١٧ی بەرەبانی ٦ی شوبات بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک بە گوڕی ٧.٤، ٦.٤، ٦.٥، زیاتر لە ١٠ شاری باکووری کوردستان و توورکیای گرتەوە و بەهۆیەوە سەدان بینا و باڵەخانە ڕووخاون، بوومەلەزەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش کارەساتێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە و لە باشووری کوردستانیش هەستی پێکرا.

 

دواتر کاتژمێر ١:٢٤ی نیوەڕۆی دوێنێ بۆ جاری دووەم بوومەلەرزەیەكی دیکە بە گوڕی ٧.٦ لە شاری مەڕەش و بە گوڕی ٦.٥ لە شاری دیلۆكی باكووری كوردستانی هەژاند و چەندین باڵەخانە ڕووخان و ژمارەیە هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان هاوڵاتیی كەوتوونەتە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەكانەوە.

 

لە دوێنێوە دەیان بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕی جیاواز لە مەڕەشی داوەتەوە و بەیانی ئەمرۆش ٧ی شوبات، کاتژێمر ٦:١٣ خولەک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٦ پلەی ڕێختەر ناوچەی گولباشی سەمسوری هەژاندووە.

 

دەربارەی نوێترین ئامارەکان، ژمارەی گیان لەدەستدان بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و ٩٢١ کەس، ژمارەی بریندارەکانیش ١٥ هەزار و ٨٣٤ کەسی تێپەڕاندووە، هەروەها  ٧ هەزار و ٨٤٠ کەس لەژێر بینا داڕماوەکاندا ڕزگارکراون و ٤ هەزار و ٧٥٨ بیناش لەناوچوون.

 

هەروەها وەزارەتی تەندروستی سوریا ڕایگەیاندووە، کە لە بوومەلەرزەکەدا ٧١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و و زیاتر لە یەک هەزار و ٤٣١ کەسیش بریندار بوون.