ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ؛ دەرچەیەک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ پەرە بە تواناکانیان دەدەن، مامۆستایەکیشیان دەڵێت: کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیرەک ترن لە کەسانی ئاسایی.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، ئەوانیش دابین نەکردنی پێداویستییەکانیان و پێنەدانی مافەکانیان، نەبوونی مووچە و دانەمەزراندنیان، بەڵام لە هەوڵ و چالاکیەکانیان بەردەوامن و ناوەستێن، بەشێک لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کۆمەڵگەدا جێ دەستیان دیارە و توانیویانە بە کارەکانیان کۆمەڵگە تێبگەیەنن، کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش وەک هەموو کەسێکی ئاسایی دەتوانێت کار و چالاکییەکانی ڕۆژانەی ئەنجام بدات،

 

ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ لەلایەن خێرخوازان بۆ هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ساڵی ٢٠١٩ لە شاری سلێمانی کرایەوە، لە ڕێکخراوەکەدا چەندین کار و چالاکی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی ئەنجام دەدرێت، ژنان لە ڕێکخراوەکەدا ڕۆڵێکی باڵایان هەیە بۆ کردنەوەی چەندی خولی فێربوونی دروومان، کاری دەستی، کاری هونەری و ڕیکۆردکردنی چەندین فلیمی دەنگی، هەروەها ڕێکخراوەکە وەک پشتگیرییەک و هاندانێک بۆ کەسانی دەستڕەنگینی ناو ڕێکخراوەکەیان، بەشداری چەندین فێستیڤاڵ و بۆنە دەکەن، چەندین فێرخوازی خاوەن پێداویستی تێدایە، کە توانیویانە کاری دروومان و فێرکاری و چنین بکەن بە پیشەیەک بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان.

 

"بەشێک لە خوێندکارەکان کارێکی بچوکیان بۆ خۆیان بنیادناوە"

ئیلهام نوری، مامۆستا لە ڕێکخراوی ڕۆشنایی دڵ، باس لەوە دەکات، ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەلی بۆ چەندین کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەخساندووە تا بتوانن هەفتانە سەردانی ڕێکخراو بکەن بۆ بەشداریکردنیان لە چالاکییە خێرخوازی و فێربوونەکاندا، وتیشی: کردنەوەی خولی دەستڕەنگینی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ٨ مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ لەلایەن خێرخوازانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، هەفتەی ڕۆژێک خوێندکاران سەردانی دەکەن بۆ وانە خوێندن، خۆم دوای تەواوبوونی خوێندن دەرفەتی دامەزراندن و هەلی کارم نەبوو، دایکی منداڵێک بووم، بۆیە بڕیارمدا خۆم فێری کاری چنین بکەم، لە ڕێگەی فێرکارییەکانەوە هەوڵی فێربوونم دەدا تا توانیم ببمە مامۆستای وانەی چنین، ماوەی ساڵ و نیو دەبێت لە ماڵەوە خەریکی کاری چنینم، پاشان ڕۆژێک لەلایەن ئەندامێکی ڕێکخراوەکە پێشنیاری کارم بۆ کرا، لە ئێستادا وەک مامۆستایەک وانە بە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەڵێمەوە.

 

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەڕای کارکردنی لە ماڵەوە هەفتەی جارێک وانە بە ١٥ خوێندکاری ڕێکخراو دەڵێتەوە، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی خوێندکارەکان کەم بین، یاخود نابینان بەڵام دەتوانن کارەکانیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن، بەشێک لە خوێندکارەکانم خاوەنکاری بچوکی خۆیانن و پەیجیان داناوە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان کاری دەستی دەکەن.

 

"بەشێک لە فێرخوازان فەرمانبەر و خوێندکارن"

ئیلهام نوری باسی لەوەکرد، کە سەرۆکی ڕێکخراوەکە و خێرخوازان هاوکاری ڕێكخراوەکەن و وتی: بۆ دابینکردنی پێداویستی چنین خێرخوازان هاوکاریمان دەکەن، لە ئێستادا بەهۆی کەمی کاتی وانەکانمانەوە تەنها دروستکردنی جانتایان فێر دەکەم، لە پڕۆژەماندایە لە کاتەکانی دیکەدا فێری چنینی ملوانکە، مەدالیا و چەندین کاری دیکەیان بکەم، هەروەها بەشێک لە خوێندکارەکانمان چەندین ساڵە کاری دروومان و چنین و کاری دەستی دەکەن، بەشێک لە فێرخوازان خوێندکار و فەرمانبەرن، بەڵام هەفتەی جارێک سەردانی ڕێکخراو دەکەن تا بتوانن ئەو بەهرەیەی هەیانە پەرەی پێبدەن.

 

"کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کەسی ئاسایی توانای فێربوونی باشترە"

ئیلهام نوری، ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دەستڕەنگین لە فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکەن بۆ ساغکردنەوەی کارەکانیان، دەشڵێت: لەلایەن ڕێکخەری فێستیڤاڵەکانەوە هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی دەکرێت و کرێیان لێ ناسەندرێت، پاشان ئەو داهاتەی دەستمان دەکەوێت بەکاری دەهێنینەوە بۆ کڕینی پێداویستیەکانی چنینی ڕێکخراوەکەمان، هەروەها ئەرکی فێرخوازان لەسەر ڕێکخراوە تا ئەو کاتەی بە باشی فێری کارەکە بوون، بەشێکیان لە دوای فێربوونیان خۆیان پێداویستییەکانی خۆیان دەکڕن تا کارەکانیان بەردەوام بکەن.

 

هەروەها وتیشی: سەرەتایی کار کردنم وەک مامۆستا لە ڕێکخراو بەلامەوە قورس بوو وانە بە کەسانی خاوەن پێداویستی بڵێمەوە، بەڵام مامۆستاکە پێی وتم: کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیرەکترن لە کەسانی ئاسایی، بە ڕاستی وەهاش بوو، کەسانی زۆر لێهاتوون و زۆر ئاسوودەم لەگەڵیاندا.

 

 

"نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنە گشتیەکاندا کێشەمان بۆ دروست دەکات"

کەژاڵ خەلیل، فەرمانبەری یاسایی لە ئەوقافی سلێمانی و ئەندام لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ، ئاماژەی بەوەدا، ڕێکخراوەکان ئامانجیان هێنانە دەرەوەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو لە ماڵەکانیان و هاوکاریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی بوو، وتیشی: کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئێستادا توانیوومانە تا ئاستێکی باش لەسەر پێیەکانی خۆمان بووەستین و هاوکاری خێرخوازان هۆکاری سەرەکی بووە، حکومەت هاوکاری کەسانی خاوەن پێداویستی نەکردووە، تەنها خێرخوازان هاوکارمانن و ئەویش تەواوی پێداویستیەکانمان پڕ ناکاتەوە، بەهۆی کەمی داراییەوە ناتوانین پەرە بە تواناکانمان بدەین، بەڵام هەر لە هەوڵداین، سەرەتا لە زانکۆ وەرگیرام هاوپۆلێکم هات بۆ لام و وتی من ویستوومە واز لە خوێندن بهێنم، بەڵام کە تۆم بەو شێوازە بینی هاتیت بۆ خوێندن، هانتدام بەردەوامبم لە خوێندن

 

لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەر کەسێکمان لەگەڵ نەبێت، ناتوانین لە دامودەزگا و شوێنە گشتیەکاندا هاتووچۆ بکەین، ڕۆژانە پێویستمان بە هاوکاری دەبێت، لە کاتی کار کردنمدا هەموو ڕۆژێک ٢٨ پلیکانە دەبڕم بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانەم، لە شەقامەکاندا ئاسانکاریمان بۆ ناکەن و داواکاریمان ئەوەیە کە هەم خەڵک هاوکاریمان بکات، هەم لە دامودەزگاکاندا ئامێری پێویست دابین بکەن تا بتوانین کارەکانمان ڕاپەڕێنین.

 

"کەسانی خاوەن پێداویستی لە کەسانی ئاسایی بەهرە و تواناکانیان زیاترە"

ڕۆزی ئومێد حەمە ئەمین، خوێندکاری زانکۆ لە بەشی زمانی عەرەبی و ئەندام لە ڕێکخراوی ڕۆشنای دڵ، ئاماژەی بەوەکرد، بەشداریکردنیان لە فێربوونی کاری چنین هاوکاریان دەکات تا لە داهاتوودا بتوانن داهاتێک بۆ خۆیان دابین بکەن، خێزانەکان هۆشیار بن بەرامبەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تا بە چاوێکی بەزەیەوە کۆمەڵگە لێیان نەڕوانن، هەروەها دەڵێت: ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستە وەک خەڵاتێک لەلایەن خێزانەکانمانەوە لێمان بڕوانن، ئەگەر ئێمەیان پێ قبوڵ نەبێت ناڕەزاییە بەرامبەر کارەکانی خودای گەورە، لە زۆر بواردا لە کەسانی ئاسایی بە تواناترین و ئەمەش بەهرەمانە.

 

لە کۆتاییدا وتی: پەیامم بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خێزانەکانیان ئەوەیە لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و خۆیان بەند نەکەن، سەردانی ڕێکخراوەکان بکەن تا ئەو توانا و بەهرەیەی هەیانە پەرەی پێبدەن.