هێرش و ڕێگریکردن لەخوێندنی گەنجانی مەخمور چۆن کاریگەری دەبێت؟

خەڵکی کامپی مەخمور کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ باشوری کوردستان، سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکە، لە سیستمی پەروەردەی زمانی دایک بەردەوامن.

بەرژین کارا

 

مەخمور- هەزاران کەس کە لە ساڵانی  ١٩٩٠ بەهۆی هێرش و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بە چۆڵکردن و سوتاندنی گوندەکانیان و سەپاندنی پاسەوانی، ناچاربوون لە بۆتانەوە بۆ باشووری کوردستان کۆچ بکەن، لێرە ناچار بوون ٨ کەمپ بگۆڕن و وردە وردە سیستەمی پەروەردەیی دیموکراتی خۆیان بە زمانی دایکیان دامەزراند.

 

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، کە لە ساڵی ١٩٩٨دا نیشتەجێ بوون تێیدا و بە فەرمی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەناسرێتەوە، ئەو کەسانەی سیستمی پەروەردەی دیموکراتی زمانی دایکی خۆیان دروست کردووە، ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەبنەوە.

 

ئەو کامپە کە لە مانگی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە هێرشی کرایە سەر و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە و چەکدارانی مەخمورەوە ئازاد کرا، لە نیسانی ٢٠١٧ەوە تا ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشی دەکرێتە سەرو ئەم هێرشە کاریگەری لەسەر دەروونی خوێندکاران هەیە، بەهۆی گەماڕۆو ڕێگرییەکانی پەدەکە کە لە ١٩ی تەموزەوە لەسەر کامپەکە جێبەجێیدەکات ئەو خوێندکارانەی ئامادەیی تەواو دەکەن بۆ خوێندن لە زانکۆ ناتوانن بچنە باشوری کوردستان و عێراق.

 

مامۆستا بێریڤان دەمیر، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو خوێندکار و مامۆستایانەی کە لە کامپی مەخمور نیشتەجێن، سەرەڕای ئەو هێرشانە و ڕێگریکردن لە کامپەکە، سووربوون لەسەر بەردەوامیی خوێندن، دەربارەی دامەزراندنی سیستمی پەروەردە لە کامپی مەخمورو بەرخۆدانی خوێندکاران و مامۆستایان قسەی کرد.

 

سەرەتای خولەکانی خوێندنەوەو نووسین

لە ساڵی ١٩٩٤ بە هەزاران کەس لە هەرێمی بۆتان بەهۆی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ باشووری کوردستان ئەو هاوڵاتیانەی کە دەبوایە کۆچ بکەن، سەرەتا لە کامپەکانی بهێرە و شەرانیش لە هەرێمی حەفتانینی باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون کاتێک لەم کەمپانەدا نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی منداڵەکان بێ پەروەردە نەمێننەوە، خولەکانی خوێندنەوە و نووسین دەستیپێکرد پاشان ئەوانەی کە دەبوو بچنە کامپی بێسڤ لێرە سەنگەریان دروست کرد و بەردەوام بوون لە خولەکانی خوێندنەوە و نووسین، ئەو کەسانەی بەهۆی فشار و هێرشەکانی پەدەکە ناچاربوون درێژە بە کۆچەکەیان بدەن لە هەر کەمپێکدا کە دەچوون بەردەوام بوون و پەرەیان بە سیستمی پەروەردەیی خۆیان دا.

 

خوێندنی کوردی لە ئەتروشەوە بۆ سیستمی خوێندن لە مەخمور

لە ساڵی ١٩٩٥دا بناغەی سیستەمی پەروەردەی زمانی کوردی لە کامپی ئەترۆش لەناو چادردا دەستیپێکرد، سەرەڕای هەموو هێرش و گەمارۆکان گەلی کورد دەستبەرداری ئامانج و تێکۆشانی خۆی نەبوو لەم کامپەدا ئێستا پەروەردە بە سیستماتیککردنی هەندێک بەهێزتر بووە.

 

لە کامپی مەخمور کە لە ساڵی ١٩٩٨دا بە کۆچبەران پێگەی پەنابەرییان پێبەخشرا، خوێندنگاکانیان دامەزراند و سیستمێکی نوێی پەروەردەییان پێشخست، پەروەردە و خۆ ڕێکخستن بۆ خەڵکی کامپەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بوو، لەوێ ژنان و منداڵان و گەنجان و بەساڵاچووان بەدرێژایی پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگە دەستیان بەخوێندن کردووە لەساڵی ١٩٩٨ ەوە ١١ خوێندنگە هەیە، ئەوان بە درێژایی کامپەکە دامەزران و دەستیان بە پەروەردە کرد هەموو ساڵێک ژمارەیەکی بەرچاو لەقوتابیان لەکامپەکە دەرچوون.

 

"بناغەی پەروەردە بە دەرفەتێکی زۆر کەمەوە دامەزرا"

بێریڤان دەمیر ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کەسانەی بەهۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچاربوون لە بۆتانەوە بەرەو باشوری کوردستان کۆچ بکەن، هەوڵیاندا لە هەموو ئەو کەمپانەی کە چوون، زمان و کلتوری خۆیان بپارێزن، وتی: هەزاران هاوڵاتی بۆتان لە ساڵانی ١٩٩٣،١٩٩٤،١٩٩٥ بەهۆی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکەوە چوونە باشووری کوردستان، بنەماڵەکانمان وەک کورد ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ پاراستنی بوون و کولتووری خۆیان نەک ببنە پاسەوانی گوندەکان، بە نیشتەجێبوون لە یەکەم کامپ پەروەردە دەستیپێکرد، لەو کاتەدا، ئێمە منداڵ و قوتابی بووین بەڵام ئێستا وەک مامۆستا، ئێمە قوتابی پەروەردە دەکەین.

 

"ئێمە سیستمێکی نوێی پەروەردەییمان لە مەخمور دامەزراندووە"

لە کامپی پەنابەرانی مەخمور کە دوایین وەستانە بۆ ئاوارەکانی بۆتان لە باشوری کوردستان، دەربارەی ئەوەی کە چۆن سیستمی پەروەردەییان دامەزراندووە بێریڤان دەمیر وتی: کاتێک چووین بۆ کامپی مەخمور سیستمێکی جیاواز هەبوو ئێمە چەند قوتابخانەیەکمان بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و خێرخوازییەکانی دەوروبەر دامەزراندووە، لێرەش زۆر زەحمەتیمان هەبوو، بەڵام هەتا گەیشتینە ئاستێک بەم شێوەیە کۆمان کردەوە، ئێمە دەتوانین پێداویستیەکانی وەک پەرتوک، پێنووس و پەڕاوگە دابین بکەین بەم شێوەیە، هەوڵمان دا قوتابیەکانمان لە کۆرسی جیاوازدا پێشبخەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە توانیویانە سیستمێکی نوێی پەروەردەیی دابمەزرێنن و وتی: ئێمە سیستمێکی نوێی پەروەردەییمان دامەزراند، سیستەمێکی پەروەردەی دیموکراتیمان بە زمانی دایکمان پەرەپێداوە، مامۆستاکان سەرنجیان خستە سەر ئامادەکردنی پەرتوکی خوێندن و ئێمە پەرتوکەکانمان دروست کرد، ئەو مامۆستایانەی کە لە هاویندا خەریکی ئامادەکردنی پەرتوک بوون، کاتێک خولی ڕاهێنانەکە دەستیپێکرد بەو پەرتوکانە پەروەردە درا، دەتوانین بڵێین کە هێشتا بەم شێوەیە بەردەوامە.

 

"بەهۆی گەمارۆکانی پەدەکە خوێندکاران ناتوانن بچنە زانکۆ"

بێریڤان دەمیر ڕایگەیاند، کە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک و ئابڵوقەی و سیاسەتە نەرێنییەکانی پەدەکە کاریگەری خراپی لەسەر سایکۆلۆژیای خوێندکارانی مەخمور هەبووە، بەڵام هێشتا سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە خوێندن بێریڤان دەمیر بەو شێوەیە بەردەوام بوو: ئێمە گرینگییەکی زۆر دەدەین بە پەروەردەوە ئێمە فێرخوازانمان فێر دەکەین تا دواناوەندی تەواو دەکەن، هەرچۆنێک بێت، لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمە لە زۆر کێشەدا دەژین، لەگەڵ گەمارۆکانی پەدەکە  کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد، خوێندکارەکان گەیشتنە ئەوەی بچن زانکۆ، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانەوە خوێندکارانی ئێمە ناتوانن بچنە زانکۆ لە عێراق یان باشووری کوردستان، بۆشایی هەیە و خوێندکارەکانمان تەنها دەتوانن دواناوەندی تەواو بکەن، داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە یەکێکە لە گەورەترین هۆکارەکان بۆ ئەوە.

 

"ئێمە بەرگەی هەموو جۆرە هێرشێکی جەستەیی و دەروونی دەگرین"

بێریڤان دەمیر ئاماژەی بەوەکرد کە هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان مافی پەنابەرێتی قبوڵ دەکات، بەڵام لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە کامپی مەخمور دەنگی ناکات و وتیشی: ئەو هێرشانە کاریگەری خراپیان لەسەر سایکۆلۆژیای خوێندکاران هەیە، هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک خوێندکاران و ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لەو کامپەدا دەژین کاریگەری لەسەریان هەیە، هەروەها ڕووبەڕووی هێرشی دیکە دەبنەوە، لە هەمان کاتدا داعش هێرش دەکاتە سەر دەوروبەری لە ڕووی جوگرافیەوە، ئەمە مەیدانی جەنگە، بە واتایەکی تر،  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێمە لە ناو جەنگ و ئاژاوەیەکی گەورەداین مەخموور لەژێر ئەو سیاسەت و هێرشە قێزەونانەی جەنگدایە، دوژمن لێرە هێرشی قورس دەکات، هێرشی دەروونی و جەستەیی، بۆردومانەکان بەردەوامن بە هەموو ئەو هێرشانە دەیانەوێت کامپەکەمان و کۆمەڵگەکەمان بڵاو بکەنەوە.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سیاسەتی جینۆسایدی گەلی کورد لە هەموو بوارەکاندا و وتی: کۆمەڵگەی مەخمور بە مامۆستایان و خوێندکارانەوە بەرگەی ئەو سیاسەت و هێرشانە دەگرێت.