ژنان لە سودان باجی شەڕ دەدەن

لە کاتێکدا کە ناکۆکییەکانی سودان دەچێتە دوانزەیەمین مانگەوە بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێک ببیندرێت بارودۆخی مرۆیی خراپتر ببێت، ژنان زۆرترین باجیان داوەو ڕووبەڕووی توندوتیژی و ڕفاندن و ونبوون دەبنەوە و ئازارەکانیان لە کامپەکانی ئاوارەکاندا خراپتر بووە.

مەیسا قازی

 

سودان- ژنانی سودانی بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانەوە ڕووبەڕووی دۆخێکی تراژیدی دەبنەوە، بە شێوەی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە، ئەمەش بارودۆخی مرۆیی کامپەکانی پەنابەران و وڵاتانی دراوسێی خراپتر کردووە.

 

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ لە سودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٧.١ ملیۆن کەس، کە بە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی لە جیهاندا ناساندووە، هەروەها ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەم دواییانە ئاوارەبوون، ئەوانەی کە بۆ جاری دووەم ئاوارە بوون و هەندێکیان ناچارکران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ناکۆکییەکانەوە بۆ ناوچەکەیان بە بێدەنگی هەڵبێن ئازارەکانیان زیاتر بووەو زۆربەی ئازارەکان ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، لە کاتێکدا لە بێدەنگییەکی سەختدا دەناڵێنن.

 

سارە حافز سەعید، کە ٦ مانگ لەمەوبەر لە خەرتومەوە ئاوارە بوو بۆ ناوچەی مەروی، وتی: هێشتا لە شۆکدا دەژیم، ئاوارەبووم و لەمالێ باپیرم لەگەل چەند خیزانیک دەژین،  نەمدەتوانی کارێک بدۆزمەوە، بۆیە ناچاربووم بە درێژایی ڕۆژ لە ماڵەوە بمێنمەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بکەم، بەرەنگارییە گەورەکە ئەوەیە چۆن ژیانت لە شوێنێکی جیاواز دەست پێ بکەیت، ژینگەیەکی جیاواز و کۆمەڵگەیەکی جیاواز.

 

ئالامحەمەد عەباس، ژنێکی ئاوارەی خەڵکی خەرتوم و خوێندکاری قۆناغی کۆتایی زانکۆیە وتی: ئاوارە بووم بۆ باکووری سودان و یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووی دەبمەە نەبوونی قبوڵکردنی ئەم کۆمەڵگەیەیە بۆ بوونی ئاوارەکان و پێکەوەژیان لەگەڵ ئاوارەکاندا، خەڵکی ئێرە وامان لێدەکات هەست بەوە بکەین کە نامۆین و هاتووین بۆ ئەوەی خۆمان بەسەریاندا بسەپێنین، دەبێت شێوازی قسەکردن و ڕووخسارو جلوبەرگمان بگۆڕین.

 

کێشەی کارکردن هەیە

جەختی لەوە کردەوە کە ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لە بواری کاردا، وتی: هەندێک کاری دەستی و هونەری دەکەم، چونکە ڕووبەڕووی کێشە دەبمەوە لە دابینکردنی ماددەی خاو بۆ ئەنجامدانی کارەکانم و دابینکردنی داهاتێکی گونجاو بۆ پشتگیریکردنی خێزانەکەم، هەروەها ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیکە دەبمەوە ئەویش ئەوەیە کە ئەو گوندەی تێیدا دەژیم دوورە لەو شوێنەی کە ئامڕازەکانی گواستنەوەی تێدایە، پێویستە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بە پێ بڕۆم تا بگەمە ئەو شوینەی کە تەنها لە کاتی دیاریکراودا بەردەستە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژیان لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێ زەحمەتە، چونکە خەڵک ڕاهاتوون بە داخستنی دەرگاکانیان لە کاتی ئاوابوونی خۆردا و ئەگەر دوای ئەم کاتە بچمە دەرەوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانم، بە سەرسوڕمانەوە سەیری من دەکەن.