تاڵیبان بۆ دروستکردنی ترس پشکنینی ماڵان دەکات

تاڵیبان ماوەیەکە پشکنینی ماڵی هاوڵاتیان دەکات و ژنانی گەنج ناچار دەکەن ڕازی بن بە بەشوودانیان، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تاڵیبان ژمارەیەک سەربازی پێشووی بردووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لەم ڕۆژانەدا تاڵیبان لیستی سەربازانی حکومەتی پێشووی بڵاوکردەوە کە پێویستە دەستگیر بکرێن، لەم لیستەدا هاوکات لەگەڵ ناوی فەرمانبەرانی دیکەی حکومی، ناوی بەرپرسی زیندانەکانی حکومەتی پێشووش دیارە، کە پێدەچێت زۆربەیان وڵاتیان بەجێهێشتبێت یان لانیکەم پەنایان بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بردبێت، بەڵام ئێستا تاڵیبان دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی سەربازانی پلە نزم کە لە ڕیزەکانی سوپای نیشتمانی، پۆلیس یان ئاسایشی نیشتمانی (دەزگای هەواڵگری پێشوو) کاریان کردووە.

 

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لیستی ناوی سەربازانی پێشوو، ڕۆژنامەی "ئێل پایس"ی ئیسپانی چیرۆکی خوێندکارانی پزیشکی بڵاوکردەوە کە تاڵیبان ماڵەکانیانی پشکنیوە بۆ ئەوەی ناچاریان بکات هاوسەرگیری بکەن، ئەم پشکنینانەی تاڵیبان لە کابول و پارێزگاکانی دیکەش بەردەوامن.

 

ڕ. ک. یەکێکە لە دانیشتووانی ناوچەی مەکروریانە لە شاری کابول دەڵێت: بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێشتا خەوتبووین کە دەروازەی ماڵەکەمان یەک بە یەک کرایەوە، براکەم دەرگاکەی کردەوە و چوار سەربازی تاڵیبان بە ڕووخساری داپۆشراوەوە چوونە ناو ماڵەکەمان، هۆکاری ئەم پشکنینەمان نەزانی، سەرەتا بیرمان لەوە کردەوە کە دەبێ کام ڕاپۆرت دەربارەی ئێمە گەیشتبێتە دەست تاڵیبان، ئێمە بە تەواوی تووشی شۆک بووین، دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئەوان جگە لە ماڵی ئێمە، هەموو ماڵە دراوسێکانیشیان پشکنیوە.

 

ب. ئا. ژنێکی دیکەی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: کاتی بەیانی کە گەڕامەوە ماڵەوە، بینیم هەموو گەڕەکەکەمان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانەوە گەمارۆدراون، سەرەتا بەلامەوە ئاسایی بوو، دواتر کاتێک لە ڕێگەی گشتی نزیک بوومەوە، بۆم دەرکەوت کە ماڵەکان دەگەڕێن و هەر ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکەکە دێتە دەرەوە زۆر بە جددی پشکنینیان بۆ دەکرێت.

 

لە ڕۆژی پشکنینی ماڵەوە زۆربەی خەڵک لە دۆخێکی خراپدا بوون، چونکە لە کچە گەنجەکانیان دەترسن، یان نەیاری پێشووی سەربازی یان سیاسی تاڵیبان و فەرمانبەرانی پێشووی حکومەت و ڕێکخراوە خێرخوازیەکانن، دوای پشکنینی ماڵەکان، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تاڵیبان ژمارەیەک سەربازی پێشوو، کە ناویان ە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەگەڵ خۆیان بردوون و چارەنووسیان نادیارە.

 

تاڵیبان هەندێک جار لە سەر جادەکان بە مۆبایلی خەڵکدا دەگەڕێت. یەکەم شت کە دەیکەن ئەوەیە بچنە واتسئەپ و تەنانەت پەیوەندییەکانیش لەگەڵ خێزانەکە دەپشکنن، مرۆڤ بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبێت هەرگیز بانگەوازیەکان لە مۆبایلەکانیاندا ناهێڵێتەوە و دەیان سڕنەوە.

 

بۆچوونی زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستان ئەوەیە کە بە پشکنینی ماڵان، جگە لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی سەربازەکانی پێشوو، لە هەمان کاتدا بە چەکەوە چوونەتە ناو ماڵەکانەوە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە لای هاوڵاتیان و نیشاندانی دەسەڵاتی تاڵیبانە.