"دیاردەی فرە ژنی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە"

دیاردەی فرە ژنی لە دادگاکانی هەرێم و خوارووی عێراق زیادی کردووە، پارێزەرێکیش دەڵێت: پێشتر کولتوور نەبوو، عەیبە بوو پیاوێک هاوسەرگیری دیکە بکات، بەڵام لە ئێستادا فرە ژنی بووەتە دیاردە و ئازایەتی لە کۆمەڵگەدا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- دیاردەی فرەژنی کە لە شەرعییەتی ئیسلامدا هاتووە و کۆمەڵگە باوەڕدارەکان پەیڕەوی دەکەن، لەلایەن چالاکوانان و بەشێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەوە بە پێشێلکاری مافی ژنان دادەنرێت، بەپێی ماددەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی یاسایی عێراقی، لە ماددەی ٣ بڕگەی ٤،٥،٦،٧دا باس لە هێنانی فرە ژنی دەکات، کە دەبێت بە ڕەزامەندی دادوەر ئەنجام بدرێت و دەبێت توانای دارایی باش و دادپەروەر بێت، ئەم پرسە لە یاسای هەرێمی کوردستاندا چەندین مەرجی هەیە و کار دەکرێت تا لە یاساشدا هێنانی ژنی دووەم و زیاتر هەڵبگیرێت.

 

فرە ژنی پێشێلی مافی ژنان و سەپاندن و دەسەڵاتداری پیاوانە، داڕشتەیەکی ئەقڵی پیاوسالارییە و لە پێناو جێبەجێ کردنیشیدا دەیان بیانوو ڕیز دەکرێت، لە پێشترینیان شەرعییەتی ئیسلام و شەهوەتی پیاوە، بێ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو ژنانەی کە لە پڕۆسەکەدا دەبنە زیان بەرکەوتوو، زیانی دەروونییان لێدەکەوێت.

 

"ژنان لە ترسی کۆمەڵگە و هاوژینەکانیان بێدەنگ دەبن"

نیگار عومەر، پارێزەری کارامە و چالاکوانی ژنان، لە بارەی فرە ژنییەوە دەڵێت: ئەم مەرجانەی دادەنرێت مەرجی سادە و لاوەکین، کاتێک لە بڕگەی ٥دا دەڵێت دەبێت دادپەروەر بن، لە ڕاستیفا هیچکەس نازانێت پیاوەکە دادپەروەرە یان نا، هەندێک کات ژنەکانیش لە ترسیی کۆمەڵگە و هاوژینەکانیان ناتوانن ناڕەزایی دەرببڕن، هەروەها لە مادەیەکی دیکەدا وەک سووکایەتی کردنێک بە ژنان دەڵێن، ئەو ژنانەی هاوژینیان نەبووە، دەتوانن بەبێ هیچ مەرجێک هاوسەرگیریان لەگەڵ بکەن، واتە ئەگەر هاوژینەکەی باش نەبێت، دادپەروەر نەبێت یان لەڕووی مادیەوە توانای نەبێت کێشە نییە تەنها ژنەکە بهێنێت، ئەمەش وەک سوکایەتی کردنێک بە ژنان بەکاریەت.

 

نیگار عومەر، ئاماژەی بەوەشدا، دواجار لە ساڵی ٢٠٠٨دا، بەهۆی ڕێکخراوەکان و چالاکوانی بواری ژنان کۆمەڵێک یاسا هەمووار کرایەوە. یەکێکیان ئەوەبوو، کە دەبێت ڕەزامەندی هاوژینی یەکەم هاوسەرگیری دووەم ئەنجام بدرێت و لە نێوان هاوژینەکانیشدا کۆمەڵێک بەڵێننامە پڕ بکرێتەوە، بەڵام وەک پێویست لە دادگاکاندا یاساکان جێبەجێ ناکرێت، وتیشی: وەک دەزانین ژنان کاتێک ژنی دووەم و سێیەمی بەسەردادێت، حەز بەو بارودۆخە ناکەن، یاخود دەخرێنە ژێر بارێکی قورسەوە تا ڕەزامەندیان پێبدرێت، هەروەها بەشێک لە پیاوان لە خوارووی عێراق و کەرکوک هاوژینی دیکەیان دوور لە چاوی هاوژینەکانیان ئەنجام دەدا، لەو بارودۆخەدا دادگای هەرێم هیچ کارێکی پێناکرێت لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین، هەندێک کات پیاوان پەیوەندی دەکەن کە کاریان بۆ بکەین بۆ هێنانی ژنی دیکە لە خوارووی عێراق کە بەداخەوە بەشێک لە پارێزەرەکان بۆ باری ماددی خۆیان هاوکاریان دەکەن، بەڵام تاکە چارەسەر بۆ ئەم بابەتە، ژنی یەکەم دەتوانێت داوای جیابوونەوە بکات و دادوەر بەبێ کێشە بڕیاری جیابوونەوەی دەدات، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا لە کەرکوک بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری داوای نفوس دەکەن بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری، بەڵام پیاوان بۆ ئەمەش دەرچەیەکیان دۆزیووەتەوە کە ئەویش هاوسەرگیری مسیارە.

 

"لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسا و دەقەکانی عێراق دەکەن"

نیگار عومەر، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاسایانەی لە پەڕلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەرچوون، لە دادگاکاندا کاری پێناکرێت، بەڵکو ئەو یاسایە کاری پێدەکرێت لە عێراقدا دەرچوون، هەروەها هێنانی ژنی دووەم مەرجی دەبێت، پێشێلکردنی مەرجەکان لە کاتی هێنانی ژنی دووەم بەپێی یاساکان سزای لێ دەکەوێتەوە، بەداخەوە سزاکان ڕووکەشین، هەروەها نەبوونی هۆشیاری ژنان لە بەشێکی یاساکان گرفتی بۆ خودی ژنان دروستکردووە، هاوژینان دەتوانن لە کاتی بوونی گرێبەستی هاوسەرگیریدا مەرجی هاوسەرگیری دابنێن، دەشڵێت: گرێبەستێک هاتە بەردەستم یەکێک لە مەرجەکانی ژنەکە ئەوەبوو هاوژینەکەی بۆی نیە هاوژینی دووەم بهێنێت، ئەم مەرجە یاساییە، هەر کاتێک هاوسەرگیری دیکەی ئەنجامدا دەتوانێت بە ڕێگایەکی ئاسان ژنەکە هاوسەرگیریەکەی لە دادگادا هەڵبوەشێنێتەوە، کە زۆرێک لە ژنان و کچان بەم گرێبەستە ئاشنا نین، من ڕێنمایی دەدەمە کچان پێش هاوسەرگیریان ئاگاداری ئەم شێوازە گرێبەستانە بن، وەک پارێزەرێک پێشنیارم بۆ کچان هەبوونی مارەییە، کاتێک مارەییت هەبێت، پیاوان لە کاتی بڕیاردانی هاوسەرگیری دیکەدا چەند جارێک بیردەکاتەوە، بەڵام ئەو ژنانەی مارەییان نییە، هاوژینەکانیان بەبێ بیرکردنەوە پەلکێشی دادگاکانیان دەکەن، هەروەها بەشێک لە ژنان لەبەر هەبوونی منداڵ و کێشەی دارایی، لێدان و سوکایەتی قبوڵ دەکەن لەلایەن پیاوەکانیانەوە.

 

"دواکەوتووی کۆمەڵگە وای کردووە کچان بە لاوازی دەروونی پەروەردە بکرێن"

نیگار عومەر، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان ڕووبەڕووی چەندین حاڵەتی دەروونی قورس دەبنەوە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیرییان، سەرجەم ئەو کەیسانەی دەبینین لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ژنێک خۆی سوتاندووە یان بە هەر شێوازێک بێت کۆتای بە ژیانی خۆی دەهێنێت، لەو پرسانەوە هاتووە، دەشڵێت: هەموو خۆکوژییەکی ژنان بۆ لایەنی دەروونی دەگێڕنەوە، ئەو بارودۆخەی لە دوای جیابوونەوە و هەر کێشەیەکی دیکە کە ڕوودەکاتە ژنان، ئەگەر دایک و باوکێکی باش یان هاوڕێیەک و خێزانێکی باشت لەگەڵ نەبێت، خەمەکە دەتگەیەنێتە بنبەست و دەچێتە حاڵەتی خۆکوژیی، ماوەیەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیکەنە باس و قسەی لەسەر دەکەن، دواجار بە کوشتنی ژنان کۆتایی دێت، هەموو ئەم بارودۆخە هەڵوێستە لەسەرکردنیان دەوێت، چەندین سیمیناو خولیان دەوێت تا بتوانین کچان و ژنانمان بەهێزتر بکەین، وەک دەزانین کوڕەکانمان بە بەهێزی پەروەردە دەکرێن، بەڵام بەداخەوە کچەکانمان بە لاوازی پەروەردە دەکەن و لە کاتی کێشەدا ناتوانن دەرچەیەک بدۆزنەوە بۆ ڕزگاربوونیان.

 

"فرەژنی لە شەریعەتی ئیسلامدا بە شێوازێکی هەڵە هاتووەتە ناو کۆمەڵگەوە"

چرۆ شوانی، پارێزەر، باس لەوە دەکات، دیاردەی فرەژنی لە ڕووی شەرع و یاساوە ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەلومەرجێکی تایبەتەوە دەتوانن فرە ژنی ئەنجام بدرێت، یاسایی فرە ژنی زۆربەی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگیراوە، لە شەریعەتی ئیسلامدا هێنانی ژنی دیکە چەندین یاسای بۆ داندراوە تا بتوانێت ژنی دیکە بهێنیت، بە باشی لە دینی ئیسلام بڕوانین فرەژنی سنوردار کراوە بە دادپەروەری لە نێوان هاوژیناندا لەڕووی سۆزداری و باری دارایەوە، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگە گوێ نادات بە یاساکان و لە ڕووە شەرعیەکەیەوە چەندین بابەت هەیە کۆمەڵگە بە شێوازێکی هەڵە وەریگرتووە، وتیشی: سەرەڕای هەبوونی قەیرانی سیاسیی و ئابووری، بەڵام بە بەردەوامی باس لە فرە ژنی دەکرێت، ئایا ئەو قەیران و بارودۆخەی کۆمەڵگە تێی کەوتووە بە فرەژنی کێشەکان چارەسەر دەبن؟، ئەم دیاردانە کە گەورە دەکرێت لەناو کۆمەڵگەدا ئێمە پێمان وایە دەستێکی سیاسیی لە پشتە و بۆ بە کاڵاکردنی ژنانە، ژنان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە کاڵایەک کە بۆ ڕیکلام بەکاردەهێنرێن، فرە ژنی یاخود بەکاڵاکردنی ژنان لێدانە لە ئیرادە و مافەکانی ژنان، من لەو بڕوایەدام خودای گەورە ڕێگە بە شتێک نادات کە زیانی تاکێکی خۆیی تیادا بێت.

 

چرۆ شوانی، باس لەوە دەکات، باشووری کوردستان لە ئێستادا ڕوبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسیی و ئابووری بووەتەوە، سەرەڕای ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانی تێدایە، کەمترین مامۆستایانی ئاینی لەسەر نادادی و زوڵم و ستەم دێنە دەنگ و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، وتیشی: لەم دۆخەشدا هەموو بانگشەیەکیان لەسەر ژن و فرە ژنیە، کە لە بنەڕەتدا تەنها لە شەرعدا ڕێگەپێدراوە و لە بارودۆخی ئێستاشدا پێکهێنانی خێزانێک قورسە، ژنان وەک کاڵایەک دەهێننە سەر شاشەکان دەڵێن ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە و هاوژینەکانمان ژنی دیکە بهێنێت، لێرەدا ئەوان نوێنەری هەموو ژنێک نین، ناتوانی بڵێین ئەمە گشتگیرە، وەک دەبینین ژنێکی دیندار کەسێک هاوژینەکەی لە حیزبێکی سیاسیی ئیسلامیدا کاردەکات، بەڵام پێی قبوڵ نەکرا ژنێکی دیکە بەسەریا بێت.

 

"لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان هەیە لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکاندا"

چرۆ شوانی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە باشووری کوردستاندا پیاوان بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری دیکە ڕوو لە خوارووی عێراق دەکەن، خۆشبەختانە لە ئێستادا لە پارێزگای کەرکوک ناتوانن هاوسەرگیری بکەن، بەڵام دژ بە یەکی یاساکان بە قوربانی ژنان کۆتایی دێت، وتی: یاسایی هەرێمی کوردستان دەبێت ڕەزامەندی ژنی یەکەمی هەبێت، بەڵام لە دادگاکانیشدا کار بە یاسایی عێراقیش دەکەن و ئەو بۆشاییەیان قۆستووەتەوە، لە ماددەیەکدا مافی ژن هەبوو لەسەر هۆکاری فرە ژنی داوای جیابوونەوە بکات، بەڵام لە عێراقدا بڕیاردرا ژنان نابێت دەستپێشخەر بن لە جیابوونەوەدا، ئەمەش لە هەرێمیشدا کاری پێکرا.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: زۆرکات بە ئێمە دەڵێن ئەگەر بهێڵن فرە ژنی هەبێت خیانەتی هاوسەرگیری ڕوونادات، بەڵام لە کاتێکدا ئەگەر فرەژنیش هەبێت کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان لەم بارودۆخی سیاسیی و داگیرکارییەی تێی کەوتووین کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لەم بارودۆخەی خێزانەکانی تێ کەوتووە، یاسا داڕێژەران و چالاکوانی ڕێکخراوەکان دەبێت بە وریایەوە لە بابەتەکە بڕوانن، هەروەها هەبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ناهۆشیاری هزری دەگەڕێتەوە، هەموو قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگەدا ڕوودەدات و دەستی لە پشتەوەیە کە کۆمەڵگە ناهۆشیار بکەن، پێویستە مامۆستایانی ئاینی، ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاکوان هاوکار بن بۆ باشکردنی ئەم بارودۆخەی خێزانەکان تیایدا دەژین.