زیاتر لە هەزار چالاکوان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەکەن
زیاتر لە هەزار کەس لە چالاکوانی مەدەنی و چالاکوانی مافی ژنان و کەسانی دیکە ڕاگەیەندراوێکییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان لە دژی چالاکوانی کرێکاری شەریفە محەمەدی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ
نیگەرانیەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە زیادبووندایە لەگەڵ زیادبوونی سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکوانان، لەم دواییانەدا چەندین چالاکوان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانە شەریفە محەمەدی.
ڕۆژی ٢٥ی ئاب، زیاتر لە هەزار چالاکوانی مەدەنی، لەوانەش چالاکوانی مافی ژنان، کرێکاری و سیاسی، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری ڕاگیراو لە زیندانی لاکان لە ڕەشت بوون، لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە شەریفە محەمەدی سەرەڕای چالاکییە تەواو ئاشتیخوازەکانی، ٢٠ مانگی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردوە، دوای دادگاییەکی ناگشتی و نادادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، واژۆکارانی ڕاگەیاندراوەکە داوایان کردوە دەستبەجێ جێبەجێکردنی سزاکە ڕابگیرێت و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا، شەریفە محەمەدی توشی ئەشکەنجە و فشاری دەروونی بووە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ، هەروەها بە هەڕەشەدا ناچار بووە سکاڵایەک بکشێنێتەوە کە تۆماری کردبوو سەبارەت بەو مامەڵە خراپەی کە توشی بووە، ئاماژەی بەوەشکرد. کە تا ئێستاش لە زیندانی لاکان لە ڕەشت دەستبەسەرە و مەترسییەکی ڕاستەقینەی لەسێدارەدانی لەسەرە، لەلایەن بریکارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراوە، ئەو ژنە گواسترایەوە بۆ ناوەندێکی زیندانی لە ڕەشت و پاشان گواسترایەوە بۆ زیندانیەکی دیکەی وەزارەت لە شاری سنە کە نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە ڕەشتەوە دوورە، لەوێدا توشی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بووە، لەنێویاندا دووبارە لێدانی دەموچاو و سەری لەکاتێکدا کە چاوی بەستراوە، لە ئەنجامدا برینەکانی دیار بووە.
"دادگاییکردنی نادادپەروەرانە"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ دوای گواستنەوەی بۆ زیندانێکی شاری سنە، سکاڵایەکی سەبارەت بەو ئەشکەنجەیەی کە توشی بووە تۆمار کردوە، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام نەدراوە، دوای چوار هەفتە و بە هەڕەشەی زیندانیکردنی تاکەکەسی درێژخایەن و بێبەشکردنی تەواوەتی لە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لەلایەن داواکاری گشتی، ناچار بوو سکاڵاکەی بکشێنێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە کە شەریفە محەمەدی لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی لاکان، دوای ماوەیەک گواستنەوە لە نێوان ناوەندەکانی زیندانیدا، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دادگای ئینقلابی ڕەشت لە دانیشتنێکی کورتی داخراودا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند، کە شەریفە محەمەدی لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداری کرد و ڕێگەی پێنەدرا قسە بکات، ئەو سزایە لەسەر بنەمای چالاکییە ئاشتیخوازەکانی مافی مرۆڤ بووە، لەوانە پشتیوانی لە زیندانیانی ژن، دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان و ئەندامێتی لە لیژنەی هەماهەنگی هاوکاری لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی کرێکاران، ئەم چالاکییانە بە بەڵگە لە دژی ئەو ژنە هەژمار دەکران.
شایانی باسە شەریفە محەمەدی، تەمەن ٤٥ ساڵ، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و چینی کرێکار لە ئێران، لەم دواییانەدا دوای دادگاییەکی داخراو کە بە نادادپەروەرانە پێناسە کرا، بووەتە جێی سەرنجی بەربڵاو.