ئەنفالی بادینان؛ برینێکی قوڵی لەبیرنەکراوە
٣٧ ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٤ هەزار هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی پێشوەختە پلان بۆداڕێژراو ئەنفالکران.

هێرۆ عەلی
ناوەندی هەواڵ- شاڵاوی ئەنفال برینێکی سارێژنەکراو و مێژوویەکی ڕەشی حکوومەتی پێشووی عێراقە لە قڕکردنی خەڵک و وێرانکردنی کوردستان، کە ڕژێمی بەعس بە بەرنامەیەکی پێشوەختە و پلان بۆداڕێژراو و بەشێوەیەکی زنجیرەیی و چڕ جینۆسایدکردنی کورد و وێرانکردنی کوردستان دەست پێ کرد، کە ئەوشاڵاوە بە ٨ قۆناغ ئەنجامدرا، کە قۆناغی ئەنفالی هەشت لە سنووری پارێزگای دهۆك لەسەر دەستی رژێمی بەعسی ڕووخاو دژی خەڵكی مەدەنی ئەنجام درا و بە قۆناغی هەشتی ئەنفالی بادینان ناسراوە، کە لە ٢٥ی ئابی ١٩٨٨دەستیپێکرد و٦ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات، کە سنووری دهۆک، زاخۆ، کانی ماسێ، دێرەلووک، سەرسەنگ، دینارتە، ئاکرێ، ئەترووش، زاوێتە، زێوە، شێخان و شێروان مەزن لە ١١ قۆڵەوە پەلاماردران، هەروەها خەڵكی ٦٦٠ گوند ئەنفال كران و خەڵكی دوو گوندیش بە گولـلهباران کردن شەهیدکران.
لە ٢٤ی ئابی ١٩٨٨ گوندی سپیداری قەد پاڵی چیای گارە کەوتە ژێر چڕترین هێرش و ڕۆژی دواتریش ٢٥ی ئاب ئەم ناوچەیە بەر خەسترین هێرشی کیمیاباران کەوت، شاڵاوەکە گوندەکانی چیای گارەی بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتری گرتەوە، کە نزیکەی پەنجا گوند دەبوو، لەلای باکوور گوندەکانی باوەڕکا، کەڤڕی، مێزێ، سپیندار، لەسەر چیای گارەش گوندەکانی گارەگۆ، زێوەشکان، زارکێ، سارتکێ، لە ئاراستەی باشووریش گوندەکانی سوارێ، ئاڤۆک و چەند گوندێکی دیکەی گرتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە واژۆی لیوا روکن یونس محەممەد زەرب، فەرماندەی فەیلەقی پێنجی لەسەرە و بۆ فەرماندەی گشتی سوپای ناردووە، لە ئەنفالی بادیناندا ١٣ هەزار و ٥٥٣کەس دەستگیرکران، کە تێیدا ٣ هەزار و ٣٧٣ ژن و ٦ هەزار و ٩٦٤ منداڵبوون.
ڕژێمی بەعس هەر بە ئەنفالکردنی کورد لە دەڤەری بادینان نەوەستا، بەڵکو هێرشی کردە سەر گوندنشینە کریستیانەکانیش، دوای بۆردومانکردن و سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان، دانیشتوانەکەی هەندێکیان خۆیان دەرباز کرد و ئەوانی دیکەی دەسگیرکردن و خرانە مەڵبەندی کۆکردنەوەی ئەنفال لە بەندیخانەی سەلامیەی مووسڵ، ژمارەیەکیشیان کە بەگوێرەی زانیارییەکان ١٥٢ کەس بوون گولـلەباران کران، کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی مێزێ لە سەرسەنگ، گوندە کۆسە لە دۆسکی، کانی بەڵاڤ لە بەرواری باڵا، گوندی باش، گوندی قارو لە نێروەییان و گوندی دەرکش لە ئامێدی بوون.
بادینان لەنێوان ڕژێمی ڕابردوو تورکیای ئێستا
هەرچەندە دەوترێت کە بادینان ئازادکراوە کە لە لە ١٤ی ئاداری ١٩٩١ لەدەستی ڕژێمی بەعس ئازادکرا، بەڵام لەدەستی داگیرکەرێک سەندرایەوەو ڕادەستی داگیرکەرێکی دیکە کرا، چونکە لە ساڵی ١٩٩٢وەوە بنکەی سەربازی تورک لەناو خاکی باشوورهەیە.
سوپای تورکیا یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٨٣ دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاکی باشوری کوردستان کرد کە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چاودێری گەرم" بوو، ئۆپەراسیۆنی دووەم لەساڵی ١٩٨٤، ئۆپەراسیۆنی سێیەم لەساڵی ١٩٨٦، ئۆپەراسیۆنی چوارەم لەساڵی ١٩٨٧، ئۆپەراسیۆنی پێنجەم لەساڵی ١٩٩٢، ئۆپەڕاسیۆنی شەشەم لەساڵی ١٩٩٥، ئۆپەڕاسیۆنی حەوتەم لەسالی ١٩٩٧ و ئۆپەڕاسیۆنی هەشتەم و نۆیەمیش لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ ، لە دوای ئەوەشەوە دەیان ئۆپەراسیۆنی دیکەی کردووە کە دیارترینیان لە ساڵەکانی "٢٠١١، ٢٠١٥، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١" بووە.
هەتاوەکو ئێستاش کە ساڵی ٢٠٢٥هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامە و تا ئێستاش زیاتر لە ٧٦٪ی ناوچەی بادینانی داگیرکردووە، بەجۆرێک دەڤەری بادینان هاوشێوەى سەردەم ڕژێمی بەعس بەدەست ئەنفالێکی دیکەوە دەناڵێنێت ئەویش بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان، ئەویش بە چۆڵکردن و دەرکردنى بەزۆری خەڵکی گوند و شارەدێیەکانى بادینانە، ئەوە زیاتر لە ٢٠ ساڵ خەڵکی ئەو ناوچانە بەشێوازی جۆراوجۆر لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە قڕ دەکرێن و لە زێدی خۆیان بەزۆر دەردەکرێن کە بەپێی هەندێک ئامار دەوڵەتى تورک بووەتە هۆکاری چۆڵکردنى ٣٠٠ گوندی بادینان و ئێستا سەربازانی تورک بنکەو بارەگایان تێدا داناوە.
سەرجەمی گوندە وێرانکراوەکانی شاڵاوی ئەنفال کە لایەن ڕژێمی بەعسەوە کرا، نزیکەی "٤٥٠" گوند بوو، ئێستاش بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر ئەو گوندانە دانیشتوانەکەی لە دڵەڕاوکێ و ترسدان، ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید بوون و برینداربوون هەربۆیە گوندنشینەکان ناچاربوون شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن و گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
هەروەها ڕێگرییەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە جوتیاران و هاوڵاتییانی گوندەکانی سنووری هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام و زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و بژێوی ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە گەیاندووە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە بێباکن لە ئاست ئەم پێشێلکارییانەی سوپای داگیرکەری تورک.