دەبەپە: توندوتیژی دژی ژنان سیاسەتێکی سیستماتیکە

ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "DBP" زیادبوونی ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنانی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە تاوانەکانی دژ بە ژنان ڕووداوی گۆشەگیر نین، بەڵکو پەرەی سەندوە بۆ سیاسەتێکی بەردەوامی جینۆساید.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "DBP" لە بارەی پەرەسەندنی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، کە بێدەنگی دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگا حکومیەکان توندوتیژیەکان زیاتر دەکات، بەشێوەیەکی سیستماتیک مافی ژیانیان لە ژنان سەندۆتەوە، لەکاتێکدا تاوانباران پارێزراون و خێزانەکان بە تەنها دەهێڵرێنەوە لە هەوڵی دادپەروەریدا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە تاوانەکانی دژ بە ژنان و منداڵان ڕووداوی گۆشەگیر نین، بەڵکو پەرەی سەندوە بۆ سیاسەتێکی بەردەوام و سەرتاسەری جینۆساید، لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ڕۆژین کەباییش، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی بەشی گەشەپێدانی منداڵ کە لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ دیارنەما، هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، پشکنینەکان دەریانخستوە کە شیکردنەوەی دی ئێن ئەی لە دۆسیە کۆنەکەدا دوای ١٠ مانگ هیچ ئەنجامێکی نوێی لێنەکەوتۆتەوە، و دەستنیشاننەکردنی تاوانبارانی تاوانەکە نمونەی بێ سزایە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر نەبوونی ڕوونی کراوەتەوە لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کوشتنی نارین کوران، منداڵە کچە، ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ساڵێک بەسەر کوشتنیدا تێپەڕیوە، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە کە ڕاستیەکان بۆ ویژدانی گشتی ئاشکرا بکات.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئێستا دیارنەمانی گولستان دۆکو پێنج ساڵی تێپەڕاندوە، لەم دواییانەشدا لە ماردین و ناوچەی ئارتوکلو، لە هەمان ڕۆژدا سێ ژن لە هەلومەرجێکی گوماناویدا بە مردوی دۆزرانەوە، وە زیادبوونی ژمارەی 'مەرگی گوماناوی' بووەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی تاوانباران و شاردنەوەی ڕاستیەکان سەبارەت بە بێ سزای بۆ تاوانەکانی دژی ژنان.

 

ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەختیان لەسەر هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنەکان بە هۆی بەردەوامی بێ سزای تاوانباران کرد، ژنان لە شارە جۆربەجۆرەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ڕۆژانە ڕوبەڕوی کوشتن و بێسەروشوێنکردن و مردنی گوماناوی دەبنەوە،

 

بەهۆی نەبوونی بەردەوامی بێ سزای، شکستی بە ئەنقەستی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، و سیاسەتی ژنکوژی زیاتر توندوتیژییەکان پەرەپێدەدەن، ئێمەی ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دێموکراتەکان دووپاتی دەکەینەوە، کە توندوتیژی دژی ژنان ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو سیاسەتێکی سیستماتیکە، مافی ژیانی ژنان تەنها لە ڕێگەی تێکۆشان و ڕێکخستن و هاودەنگییەوە دەستەبەر دەکرێت، جەختی لەسەر چڕکردنەوەی تێکۆشانیان بۆ گەیشتن بە هەموو ژنان و بەرگریکردن لە مافەکانیان کردەوە.