"ژنۆلۆژی تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا"
ژنۆلۆژی یان "زانستی ژنان" تەنها بوارێکی ئەکادیمی یان چوارچێوەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو ئامڕازێکی بەرخۆدان و هاوێنەی شیکردنەوە و شوێنی هاودەنگییە، زانستێکە کە عەقڵی پیاوسالاری دەشێوێنێت و پەیوەندی بەشداریکردن دروست دەکات.

ئەمەل محەمەد
بەیروت – لە ناوەڕۆکی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، دەنگی ژنان سەرهەڵدەدەن، هەوڵدەدەن پەیوەندی نێوان ژنان و کۆمەڵگە دابڕێژنەوە، نەک لە پێگەی گلەیی یان ناڕەزاییەوە، بەڵکو لە پێگەی تێگەیشتن و شیکردنەوە و کردارەوە.
لە ناو ئەم دەنگانەدا، ئاڵا فەرەح و جۆیا حەتشیدە، ئەندامانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیاوازن، ئەوان سەر بە نەوەیەکی نوێی ژنانن کە بە ناونانی ئاڵەنگاریەکان ڕازی نین، بەڵکو لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیاندا قووڵ دەبنەوە، بەدوای ئامرازی فیکری و پراکتیکیدا دەگەڕێن بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.
ئاڵا فەرەح، ئەندامی لیژنەی ژنۆلۆژی لە لوبنان، وتی: من باوەڕم وایە ژنۆڵۆژی ئامرازمان پێدەبەخشێت بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و شیکارییەکی وردتر و هەڵوێستی دادپەروەرانەتر بەرامبەر بە ژنان و خێزان و کۆمەڵگە.
ڕوونیشیکردەوە، سەرەتاکانی لە لوبنان بووە، کاتێک کۆمەڵێک ژن لە چوارچێوەی کۆمەڵێک لە ژێر پێکهێنانیدا بە ناوی "ئاریانا" کۆبوونەوە، کە ئەم دیدارەی ژنان دەرفەتێک بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زۆرێک لە بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی گرنگیدانیان بە ژنۆلۆژی، کە بە زانستێک پێناسە دەکرێت، کە ژن و کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بەشداری لە کۆڕ و خولی پەروەردەی جۆراوجۆردا کردووە، کە لەلایەن لیژنەکەوە ڕێکخرابوو، جگە لە بەشداریکردنی لە سیمینار و وتارەکاندا، هەندێکیان بە شێوەی ئۆنلاین و هەندێکیشیان بە شێوەی کەسی، ئەمەش ڕێگەی پێدا تێگەیشتنێکی قوڵتر لەم زانستە بەدەستبهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم ئەزمونە خواستی ئەوانی بەهێزتر کرد بۆ بەشداریکردن لە لیژنەکە و کارکردن لە بواری پاڵپشتیکردنی ژنان، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەیان کە ژنان زیاتر ئاگادارن لەوەی ژنان چی دەناڵێنن، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها تیشک خستنە سەر گرنگی ڕۆڵی ژنان کردەوە، نەک تەنها لە ڕۆڵە دیارەکاندا، بەڵکو لە ڕۆڵە شاراوەکان و زۆر گرنگەکانیشدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زانستەی کە پێیان ناسێندراون، خۆی سنووردار نییە بە باسکردنی پرسە ڕووکەشەکان یان گشتییەکان، بەڵکو بە توانای قووڵبوونەوەی لە بابەتەکەدا جیا دەکرێتەوە، ئەمەش ئەوەیە کە لە زانستەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، وتی: ژنۆلۆژی تەنها لە ڕووکەشەوە لە پرسەکان نزیک نابێتەوە، بەڵکو قوڵ دەبێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان، بەدواداچوون بۆ هۆکارەکان دەکات و بەدوای چارەسەری ڕاستەقینەدا دەگەڕێت، لە ڕوانگەی منەوە گرنگی ئەم زانستە و گرنگی بەشداریکردنمان تێیدا، لەوەدایە کە ئامرازێکە بۆ پشتیوانیکردنی ژنان و تیشک خستنە سەر ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەڕێگەی ئەم کارەوە ئێمە تەنها خزمەت بە ژنان ناکەین، بەڵکو خزمەت بە کۆی کۆمەڵگە دەکەین، بەهێزکردنی ژنان لە زیادکردنی هۆشیاری و پاڵنەر بۆ فێربوونیان دەستپێدەکات، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر توانای تێگەیشتن لە ماف و ئەرکەکانیان هەبێت و بە متمانەوە داوای لێبکەن.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە لەبەر ڕۆشنای ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەوە، لە یەمەنەوە تا سودان، لە سووریاوە تا فەڵەستین و ئەودیو، کارەکانمان قوڵتر و کاریگەرتر بووە، ئێمە لێکۆڵینەوەی قوڵمان ئەنجامداوە، لەگەڵ خەڵک کۆبووینەتەوە، گوێمان لە ئازارەکانی زۆرێک بەتایبەتی ژنان گرتووە، ئەمەش هۆشیاریمانی بەهێزتر کردووە و ئیلهامبەخش بووە بۆ بەرهەمهێنانی توێژینەوە و بابەتێک کە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی ژنان و هەوڵی ئەوە بدەین کە دەنگیان گەورە بکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە بە گرنگترین شت دەزانین.
ئەو پێی وایە، ئەوەی ژنۆلۆژی جیادەکاتەوە و سیمایەکی ناوازەی پێدەبەخشێت لە زانستەکانی تر ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ڕووکەش یان بە شێوەیەکی پارچەپارچە باس لە پرسەکانی ژنان ناکات، بەڵکو ڕۆشنایی دەخاتە سەر پێگەی ئەوان لەناو خێزان و ڕۆڵی ئەوان لەگەڵ پیاوان، ئەم زانستە نەک تەنها لەسەر ژنان وەک تاک، بەڵکو پەیوەندی هاوبەشی نێوان ئەوان و پیاوان، هەروەها لەسەر چۆنیەتی بونیادنانی ژیانێکی هاوبەش لەسەر بنەمای هاوکاری و پشتیوانی یەکتر.
"ژنۆلۆژی چارەسەری ڕاستی پێشکەش دەکات"
ڕوونیشی کردەوە، کە ژنۆلۆژی چارەسەری ڕاستی پێشکەش دەکات و هەروەها داوای هۆشیاری پیاوان دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی ئەوان لە پاڵپشتیکردنی ژنان، بەتایبەتی ئەگەر ناچار بکرێن بچنە ناو بازاڕی کارەوە، وتی: پێویستە پاڵپشت بێت نەک بەربەست، و هاوبەشی بەرپرسیارێتی ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵ بێت، ئەم زانستە تەماشای ژنان ناکات بە دابڕان لە پیاوان، بەڵکو لە خێزان دەخوێنێتەوە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو و پێی وایە سەرکەوتنی کۆمەڵگە لە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دەستپێدەکات، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی دەوروبەری هەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: لە ڕێگەی ئەزمونی کەسیی خۆم و دوای پەیوەستبوونم بەم لیژنەیە، لێکۆڵینەوەم لەسەر 'خۆ کولتووری هیندستان' ئەنجامدا، سەرەتا پرسیارم لە بەهای نووسین لەسەر بابەتێکی پەیوەست بە هیندستان کرد، بە تایبەت کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین، بەڵام دوای ئەوەی قوڵتر وردبوونەوە، بۆم دەرکەوت ئەم کولتوورە کە باس لە ژنانی هیندستان و خۆبەختکردنیان دەکات لە دوای مردنی هاوژینەکانیان وەک هێمای دڵسۆزی، لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ کۆمەڵگەکانماندا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕەنگە ڕێوڕەسمەکان یەکسان نەبن، بەڵام نەخشەی هاوشێوەی نەریت هەیە کە ڕۆڵی تایبەت بەسەر ژناندا دەسەپێنێت دوای جیابوونەوە یان مردنی هاوژینێک، لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا ژنێکی جیابووەوە یان بێ هاوژین وەک کەسێکی کەمتر سەیر دەکرێت، لە هەلی کار یان سەربەخۆی بێبەش دەکرێت، وەک ئەوەی بەهای کۆمەڵایەتی خۆی لەدەستدابێت، ئەم لێکۆڵینەوە قووڵە، کە ژنۆلۆژی کارا بووە، ئاشکرای کردووە بۆ ئێمە کە ئێمە چەندین چیرۆکی هاوشێوەمان هەیە و پێویستە بیر لەو داب و نەریتە بکەینەوە کە ژنان سنووردار دەکەن و ڕێگرییان لێدەکەن لە ژیان بە ئازادی و بە شکۆمەندیەوە.
لە ژنۆلۆژییەوە بۆ بەهێزکردنی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی عەقڵیەتی باوکسالاری
جۆیا حەتشیدە، ئەندامی لیژنەی ژنۆلۆژی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: گەشتەکەم لە منداڵییەوە دەستیپێکرد، کاتێک دەستمکرد بە تێبینیکردنی جیاوازییەک لە شێوازی بیرکردنەوەمدا، لە توانای تێگەیشتن لە خۆم و دەوروبەرمدا، ئەم جیاوازییە پاڵنەری بوو بۆ ئەوەی قوڵتر بچمە ناو جیهانی زانستەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە ژنان.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: بەس نییە ژن قسە لەسەر پرسێک بکات، پێکەوە دەبێت لەوە تێبگەین کە ژن بوون واتای چییە، ژن بوون کە تووشی ئازاردان، لێدانی ڕۆژانە لەلایەن هاوژینەکەیەوە واتای چییە، دەبێت ئەم عەقڵیەتە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە بگۆڕین، لە ناو خێزانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بمانەوێت خێزانێک بونیاد بنێین، دەبێت لە زانستەوە دەست پێبکەین، بە بەرەنگاربوونەوەی نەزانی، نەزانی لە بۆشاییەوە لەدایک نابێت، بەڵکو ئێمە لە خێزانەکانەوە هاتووین کە لەسەر بنەمایەکی تەندروست پەروەردەیان نەکردین، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری باشییان نەکردووین، بۆیە، پێویستە کۆمەڵەکان دەرگاکانیان بکەنەوە و ژنان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ئەو شتانە ببینەوە کە ستەممان لێدەکات: ئایین، پیاوسالاری، شۆڤێنیزمی پیاوان و کۆمەڵگە.
سەبارەت بە ڕۆڵی ژن و پیاویش، وتی: ڕاستە کۆمەڵگە بەرەوپێش دەچێت، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کە دان بە ڕۆڵی ژندا نانێن، بۆ نمونە ئەگەر باوکێک لەگەڵ کوڕەکەیدا بچێتە قوتابخانە، یەکسەر لێی دەپرسن 'دایکی لە کوێیە؟" بۆچی؟ بۆچی نابێت پیاو ڕۆڵی هەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵدا؟، بۆچی ئەگەر پیاو جلەکانی هەڵبخات، دەوترێت ملکەچی ژنەکەیەتی؟
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەم ڕوانگەیەوە هەستم کرد پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ گۆڕینی بنەما بچووکەکان، چونکە تەنها وردەکاری نین، بەڵکو نیشاندەری پێگەیشتنی زیاترن، ئێمە زیاتر باسی ئەم بابەتە دەکەین لە ژنۆلۆژی و بەدوای چارەسەری ڕاستیدا دەگەڕێین، هەوڵدەدەین، تا دەتوانین، بە بەکارهێنانی ئامرازە بەردەستەکان، بۆ دەستپێکردن نەک تەنها لە گروپە تەمەن گەورەکانەوە، بەڵکو لە قوتابخانەکانیشدا، هەروەها کاردەکەین بۆ پەروەردەکردنی منداڵان، پێدانی زانیارییان دەربارەی جەستەیان، دەربارەی خۆیان، سەبارەت بە چۆنیەتی سەیرکردنی جیهان بە دیدێکی جیاوازەوە، دیدێکی هۆشیارانە، بۆ ئەوەی بتوانن بە متمانەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببنەوە.