لە ڕۆژی گۆچانی سپی ژنانی دەستڕەنگینی خاوەنپێداویستی تایبەت کارەکانیان نمایش دەکەن
ژنانی خاوەنپێداویستی تاییبەت کە دەستڕەنگینن لە ڕۆژی جیهانی گۆچانی سپیدا دەڵێن: سەرەڕای هەبوونی توانای دەستڕەنگینی، لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕ لە خاوەنپێداویستی تاییبەت ناداتەوە، پێویستە هەول بۆ بەرەپێشبردنی تواناکانمان بدرێت.

سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەم کە ڕۆژی جیهانی گۆچانی سپییە، لە یەکێتی نابینایانی کوردستان لە شاری سلیمانی، بە ئامادەبوونی چەندین خاوەنپێداویستی تایبەت و نابینایان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو، پاشان پێشانگایەک بۆ ژنانی دەستڕەنگینی خاوەنپێداویستی تایبەت کرایەوە.
لە چالاکییەکەدا، ژنانی خاوەنپێداویستی تاییبەت، ڕۆڵی گرنگیان لە نمایشکردنی کارە دەستییەکاندا هەبوو، تا بتوانن لە ڕێگەی ئەو جۆرە چالاکییانەوە تواناکانیان دەربخەن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
ژنانی دەستڕەنگینی خاوەنپێداویستی تایبەت قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"ژنانی دەستڕەنگینی خاوەنپێداویستی تاییبەت بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانیان هاوکاری ناکرێن"
ڕەیان عەزیز، سەرپەرشتیاری خویندکارانی خاوەنپێداویستی تایبەت ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێکخراوی نابینایانی کوردستان، زیاتر لە ٢٥ ژنی خاوەنپێداویستی تاییبەت کاری چنین و دەستڕەنگینی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەکەن وتی: بەشێک لە ژنانی خاوەنپێداویستی تاییبەت لە ڕێگەی کاری دەستییەوە بەشداری دەکەن، لەگەڵ دایکمدا سەرپەڕشتی ئەو ژنانە دەکەین، تابتوانن لە ڕیگەی تواناکانیانەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن، لە ڕۆژی گۆچانی سپیدا، خویندکارەکانمان لە ڕێگەی کارە دەستییەکانیانەوە بەشداریان لەم چالاکییەدا کرد، لە ڕێگەی ئەو جۆرە چالاکیانەوە ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەت دەتوانن کارە دەستییەکانیان نمایش بکەن.
ڕەیان عەزیز، بە هۆکاری ئەوەی دایکی خاوەنپێداویستی تایبەتە، بەڵێنی هاوکاریکردنی سەرجەم ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەتی بە خۆی داوە، لە کاری دەستڕەنگینی هاوکاری و هەماهەنگیان دەکات، تا بتوانن لە ڕیگەی تواناکانیانەوە لەماڵەکانیان بێنە دەرەوە و بژێوی ژیانیان دابینبکەن، وتیشی: سەرەڕای تواناکانی ژنانی خاوەنپێداویستی تاییبەت، لایەنی پەیوەندیدار دەستپێشخەری و هاوکاری بۆ ئەو ژنانە ناکات، کردنەوەی فێستیڤاڵ و دەستگرتنیان بۆ ئەنجامدانی کاری گەورەتر هەردەم لاواز بووە.
"لایەنی پەیوەندیدار کەمتەرخەمە بەرامبەر خاوەنپێداویستی تاییبەت"
خۆشی حەیدەر، خاوەنپێداویستی تاییبەت باسی لەوەکرد، وەک ژنیکی خاوەنپێداویستی تاییبەت ماوەی ساڵێکە کاری دەستی و چنین ئەنجام دەدات، هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانی دەدات، تا بتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات وتی: لە ڕێگەی کارە دەستییەکانمانەوە بەشداری ئەم جۆرە چالاکییەکانیان دەکەین، سەرەڕای ئەم چالاکییانە پێویستمان بە دابینکردنی پێداویستییەکانی چنین هەیە، خراپی بارودۆخی ئابووری بۆتە هۆکاری کەمی پێداویستییەکانمان، ئێمەی خاوەن پێداویستی تاییبەت لە لایەن حکومەتەوە بڕە پارەیەکی کەممان بۆ دابین کراوە، کە بەشی دابینکردنی بژێوی ژیانمان ناکات، لە کاتێکدا زۆرێک لەو ژنانە کرێچین و ئەرکی دایکایەتیان هەیە، بۆیە ناتوانین پێداویستی کاری چنینیش دابین بکەین.
خۆشی حەیدەر، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لایەنی پەیوەندیدار هاوڵاتیان و لە ناویدا ژنانی خاوەنپێداویستی تایبەتی پەراوێز خستووە، تەواوی خاوەنپێداویستی تاییبەت پەراوێز خراوە، لە کاتێکدا ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی تواناکانامانەوە هەوڵ بۆ کارکردن و دابینکردنی بژێوی ژیانمان بدەین، داواکارییەکانمان تەنها دابینکردنی موچەکانامنە بەشێوازێکی باشتر، هاوکاریکردنی ڕێکخراوەکانی خاوەنپێداویستییە تاییبەتەکانە، تا بتواندرێت هەوڵ بۆ کاری باشتر بدەن.