لە کەرکوک فێستیڤاڵی "دەستکەوتەکان و قۆناغی نوێ بە گەڕانەوە بۆ زمانی دایک" بەڕێوەچوو

لە کەرکوک بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و پەروەردە و ژمارەیەک مامۆستا و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی خوێندنی کوردی، فێستیڤاڵی "دەستکەوتەکان و قۆناغی نوێ بە گەڕانەوە بۆ زمانی دایک" بەڕێوەچوو، تێیدا بە گرنگیەوە باس لە زمانی کوردی کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی یەکەم لە شاری کەرکوک بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و پەروەردە و ژمارەیەک مامۆستا و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی خوێندنی کوردی، فێستیڤاڵی “دەستکەوتەکان و قۆناغی نوێ بەگەڕانەوە بۆ زمانی دایک” بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا ئامادەبووان لەگەڵ وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب خولەکێک بۆ گیانی شەهیدان بەبێدەنگی ڕاوەستان.

 

 لەڕێگای گرتە ڤیدیۆیەکەوە چالاکیەکانی خوێندنی کوردی لەپەروەردەی کەرکوک بۆ ئامادەبوان خرایەڕوو، پاشان لەلایەن باخچەی منداڵانی بەهارەوە چالاکیەکی هونەری پێشکەشکرا، لە بەشێكی دیكەی چالاكیەكەدا باس لە گرنگی زمانی كوردی كرا و دواتر لەلایەن دوو ژنە خوێندکاری گەنجەوە چەند پارچە هۆنراوەیەک پێشکەشکران.

 

لەکۆتایی فێستیڤاڵەکەدا لەلایەن خوێندنی کوردی پەروەردەی کەرکوکەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر ژمارەیەک مامۆستا و سەرپەرشتیار و خوێندکار دابەشكرا.