ژنێک لە کەرکوک کوژرا
ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لە کەرکوک لە ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکراوە و کوژراوە و تائێستاش تاوانبارەکە دەستگیر نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٦ی تشرینی یەکەم، سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویانکردەوە کە لە گەڕەکی عەدەن لە ناوەڕاستی شاری کەرکوک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
هاوکات سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایانگەیاندووە کە ژنەکە دوای ئەوەی بەسەختی بریندار بووە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێش گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، ئەو ژنە ناوی (ک. ی. س.) بووە و تەمەنی ٣٢ ساڵە و بکەری ڕووداوەکە دەستنیشانکراوە، هاوکات دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دیاریکردنی چۆنییەتی ڕووداوەکە و دیاریکردنی پاڵنەرەکانی و دەستگیرکردنی ئەوانەی تێوەگلاون.
تا ئێستا لایەنە پەویندیدارەکان هیچ زانیارییەکی فەرمیان سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و باری یاسایی و هۆکاری رووداوەکە بڵاونەکردوەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە ١٣ی تشرینی یەکەم، تەرمی ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لەناو ماڵەکەی لە گەڕەکی مامە یارە لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە.
بەپێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لەلایەن ئاژانسەکەمانەوە، لە سەرەتای ئەیلوولەوە تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەم، ٧ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون، ١ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستداوە.