ژنانی کۆیە هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدانی ژن دەخوازن
ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و ژنانی کۆیە هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدانی ژن دەخوازن و داوادەکەن کاندیدە ژنەکان کاتێک دەرچوون بۆ پەرلەمان بێوەفا نەبن و کار بۆ ژنان بکەن.
شیا کۆیی
کۆیە-ئەمڕۆ ١١ی تشرینی دووەم، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە ژمارەی کاندیدانی ژن لەهەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە سێ ئەوەندەی کاندیدانی پیاو کەمترن، بەڵام لەلایەن ژنانی دیکەوە پاڵپشتی دەکرێن، ژنانی کۆیەش هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدە ژنەکان دەخوازن و بە ئازادانەش دەنگی خۆیان دەدەن.
سەبارەت بەوەی ژنان چەندە ئازادن لەدەنگدان، و ئایا هیچ فشارێکی سیاسی یان خێزانی لەسەریان هەیە تا نەتوانن بە ئازادی خۆیان دەنگ بدەن؟ پەرژین عوسمان عەبدوڵا، فەرمانبەر وتی: وەک خۆم هیچ فشارێکم لەسەرنییە و بەئازادانە دەنگ دەدەم، هەر کەس ئازادە دەنگ بەکێ بدات، ئەو ژنانەی کاندیدن هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، من بەهەموو ژنان دەڵێم دەنگ بەو ژنانە بدەن کە کەسی لێهاتون و خەباتیان هەیە وناسراون.
بانگەوازی بۆ ژنانی کاندیدکار بۆ ژنان بکەن
پەرژین داوایەکی ئاڕاستەی ژنانی کاندید کردو وتی: گەر دەرچوون بێ وەفا نەبن بەرامبەر دەنگدەرانیان، ٪١٠٠ پاڵپشتی ژنانم و با ژنانیش دەنگ بەژنانی ئیشکەرو خاوەن هەڵوێست بدەن، ژنانی کاندیدیش کەدەرچوون ئیش بۆ ژنان بکەن.
سەیران عەبدولواحید، لەسەر هەمان بابەت ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ فشارێکی لەسەرنییە وتی: من وەک ژنێکی کورد ئازادم لەوەی دەنگ بە کێ بدەم و هیچ فشارێکم لەسەرنییە کەنەهێڵن دەنگ بدەم، بۆیە داوا دەکەم هەموو ژنان وەک من بوێرانە بچن دەنگ بدەن کە خۆیان متمانەیان پێیەتی بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمان.
سەیران ئاماژەی بەوەشدا کە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان کاندیدی ژن و پیاو، ژنی واهەیە لە پیاو بوێرترە. زۆر لێهاتووە دەتوانێت کاربکات، گرنگ ئەوەیە سەرکەوتوو بن و جەخت بکەنەوە لە مافی گەلی کورد، بۆیە هیچ جیاوازی لەنێوان نێرو مێ نییە گرنگە لە پەرلەمانی عێراق داکۆکیکار بن لە مافی ژنان و خەڵک.
لە دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەم بەڕیوەچووم نزیکەی یانزە هەزار دەنگ دەر دەنگ دەدەن لە سنووری کۆیە و تەقتەق ١٠ هەزارو ٢٢٠ دەنگدەر مافی دەنگدانی هەبوو، ٨ بنکە و ٣٥ وێستگە دەنگدانی تێدا کرا.