یاسا و دەسەڵاتدارانی عێراق بێدەسەڵاتن لە وەڵامدانەوەی داوای یارمەتیدانی دایکێک بۆ کچە ڕفێنراوەکانی
سەرەڕای بوونی یاسایەک کە لێپرسینەوە لەو کەسانە دیاری دەکات کە ڕفاندن یان ڕاگرتنی زۆرەملێ ئەنجام دەدەن، بەڵام لە کەیسەکانی یاسای خێزاندا، ئەم یاسایانە تەنها بە وشەی سەر کاغەز دەمێننەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەم، ماڵپەڕی فەرمی "مافی ژنانی عێراق" لە فەیسبووک گرتەیەکی ڤیدیۆیی ژنێکی هاوڵاتی کەربەلای عێراقی بڵاوکردەوە و بانگەوازی لە دەسەڵاتداران و کۆمەڵگە دەکات کچەکانی ڕزگار بکەن، کە ماوەیەکە لەلایەن براکەیەوە بە دیل گیراون و ئەشکەنجە دەدرێن.
لە ڤیدیۆکەدا دایکەکە بە ئاشکرا داوای هاوکاری دەکات بۆ ڕزگارکردنی کچەکانی، کە لەلایەن براکەیەوە لە ژێر ئەشکەنجەدان دەستبەسەرن، ئەو بێتوانایی سەرکردەکانی هۆزەکان لە دۆزینەوەی چارەسەر و ڕزگارکردنی کچەکانی دەردەبڕێت، لەکاتێکدا هەڕەشەی بەردەوامی کوشتنی یەکێکیان هەیە.
سەرەڕای دەستێوەردانەکانی سەرکردەکانی کۆمەڵگە و چەند هۆزێک، هەموو هەوڵەکانی نێوەندگیری شکستیان هێناوە، کچەکان بە بیانووی پرسی خێزانییەوە بە دیل ماونەتەوە، براکەش هەڕەشەی کوشتنی کردووە لە دایکەکە ئەگەر داوای یارمەتی لە دەسەڵاتداران بکات.
ئەم ڕووداوە تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی زاڵبوونی داب و نەریتی خێڵەکی بەسەر یاسادا لە مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی خێزانی لە عێراقدا، بەتایبەتی لە ناکۆکی خێزانییەکان کە زۆرجار بە "بابەتی خێزانی" ناودەبرێن.
سەرەڕای ئەوەی کەیسەکەی لە ماڵپەڕە کانی سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە، بەڵام هیچ دەستێوەردانێک لەلایەن لایەنە ئاسایشییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە کەربەلا نەکراوە.
شایەنی باسە لە ماددەکانی ٤٢١ و ٤٢٢ لە یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە کە ڕفاندن و ڕاگرتنی زۆرەملێ سزای زیندانی درێژخایەنی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر تاوانەکە ئەشکەنجەدان یان هەڕەشەی کوشتنی لەگەڵدا بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ماددانە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێن و لە کەیسەکانی توندوتیژی خێزانیدا بێواتا دەبن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی هەمەلایەنە دژی توندوتیژی خێزانی و کاریگەریی دەستێوەردانەکانی کۆمەڵایەتی کە بە ناوی ئاشتەواییەوە تاوانەکە پاساو یان ڕەتدەکەنەوە.
ڕێکخراوی مافی ژنانی عێراق داوای دەستوەردانی بەپەلەی دەسەڵاتدارانی کرد بۆ پاراستنی کچەکان و لێپرسینەوە لە تاوانبارەکە و کۆتاییهێنان بەم تاوانە.