بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە
بە بەشداری زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دەنگدەر، پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ دەستیێکردو بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی لە عێراق دەستیپێکرد و بنکەکانی دەنگدان دەرگاکانیان بەڕووی ملیۆنان دەنگدەردا کردەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی نوێ.
زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لە سەرانسەری شارە جیاوازەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕێوشوێنە ئاسایشییە توندەکان بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنە بە ئاسانی.
نزیکەی ٧ هەزارو ٧٠٠ کاندید کە زیاتر لە دوو هەزارو ٢٠٠یان ژنن، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان، هەروەها ئەمە شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، هێزە ئاسایشییەکان و کۆچبەرانی ناوخۆ یەکشەممەی ڕابردوو بە دەنگدانی تایبەت دەنگیان دا و ڕێژەی بەشداریکردن لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگدەر تێپەڕی.
هەڵبژاردنەکان لە ژێر چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچن و بازنە سیاسییەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەنجامەکان دەبێتە هۆی دانوستانێکی درێژخایەن لەنێوان هێزەکانی شیعە و سوننە و کوردەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.