ڕەشنووسی یاسای مارەیی پەسەندکرا: هەڵوەشاندنەوەی زیندانیکردن یان نەهێشتنی ئاسایشی ژنان؟

پرۆژە یاسای پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانەی کە قەرزاری مارەیین، سەرەڕای ئەوەی لە ژێر ئاڵای "سزای مرۆڤایەتی"دا پێشکەش دەکرێت، دەتوانێت ژنان لە دوایین پارێزبەندی دارایی و یاسایی بێبەش بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرلەمانتارانی ئێران، دوای پەسەندکردنی هێڵکارییەکانی پڕۆژە یاسایەک، ڕایانگەیاند کە سزای زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانەی قەرزاری مارەیییان هەیە، هەڵدەوەشێتەوە و چاودێری ئەلیکترۆنی لە شوێنیدا دەگۆڕدرێت، بەڕواڵەت ئەم پڕۆژە یاسایە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتییە بۆ ئاسایشی دادوەری، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی لەبارەی چارەنووسی مافی ژنان و هاوسەنگی هێز لە ڕێکەوتنی هاوسەرگیریدا دەوروژێنێت.

 

بە وتەی سەرۆکی لیژنەی دادوەری پەرلەمان، لە پڕۆژە یاسا نوێیەکەدا هاتووە کە دادوەران دەتوانن لەبری زیندانیکردن سیستمی چاودێری ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن بۆ ئەو کەسانەی لە دۆسیە داراییەکاندا سزادراون، لەوانە ئەوانەی قەرزارن بۆ مارەیی، ئەمەش بەو واتیەیە کە قەرزدار، لەبری ئەوەی زیندانی بکرێت، دەتوانێت لە ژێر چاودێری بازنەیەکی ئەلیکترۆنیدا لە ماڵەوە کار بکات یان بژی، لە هەمان کاتدا وردە وردە بەشێک لە قەرزەکە بداتەوە.

 

پاشخانی ئابووری و ئاماری

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کۆی زیاتر لە ١٥ هەزار زیندانی لە ئێران بە تاوانی بێ مەبەست، نزیکەی ١٩٠٠ کەسیان بە هۆی قەرزی مارەیی زیندانی کراون، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ کۆی دانیشتوانی زیندانەکان زۆر نییە، بەڵام هەستیاری کۆمەڵایەتی و خێزانی ئەم پرسە بەردەوام لە پێشەنگی نیگەرانییەکانی داڕێژەرانی سیاسەتدا داناوە.

 

جگە لەوەش، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە ساڵانی ڕابردوودا، مارەیی جێگیر بە شێوەیەکی نەریتی گۆڕیوە بۆ قەرزێکی گەورە، ئەمەش وایکردووە کە بە کردەوە بۆ زۆرێک لە پیاوان مەحاڵ بن کە بیدانەوە، هەروەها ئەم فاکتەرە پاساوی سەرەکییە کە پەرلەمان بۆ پڕۆژە یاسای "هەڵوەشاندنەوەی زیندانیکردن لە کەیسەکانی مارەیی" پێشکەشی کردووە.

 

بەپێی یاسای ئێستای ئێران، زۆرێک لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان دوای هاوسەرگیری پەیوەستە بە ڕەزامەندی هاوژینەوە، لە ئەنجامدا زۆرجار مارەیی وەک تاکە ڕێگری و مسۆگەری دارایی بۆ ژنان لە ژیانی هاوسەرگیریدا سەیر دەکرێت، هەروەها نەهێشتنی مسۆگەری تاوانکاری پەیوەست بە مارەیی بەبێ دابینکردنی جێگرەوەیەک پشتیوانی دەتوانێت ژنان لە دۆخێکی نایەکسانی ئابووری و یاساییدا بهێڵێتەوە.

 

لەدەستدانی تاکە پاڵپشتی ژنان

لە چوارچێوەی یاسایی ئێستای ئێراندا، مارەیی یەکێکە لە کەمترین ئامرازی یاسای کە دەتوانێت ژنان لە زیانە ئابووری و یاساییەکانی هاوسەرگیری بپارێزێت، هەر بۆیە زۆرێک لە ژنان بەهۆی سنووردارکردنی مافی جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵ و تەنانەت گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، مارەیی وەک تاکە مسۆگەری پراکتیکی خۆیان بۆ داهاتوویان دەبینن.

 

لەگەڵ نەهێشتنی مسۆگەری تاوانکاری مارەیی، ئەم بەڵگەنامەیە بە شێوەیەکی کاریگەر بێواتا دەبێت، لە ئەنجامدا ژنێک کە دوای ساڵانێک لە هاوسەرگیری لە هاوژینەکەی جیا دەبێتەوە، لەوانەیە خۆی ببینێتەوە کە سامانێکی هاوبەشی نەبێت و مافی یاسایی کاریگەر نەبێت بۆ داوای مارەییەکەی، ئەم جۆرە بارودۆخانە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە ڕووبەڕووی هەژاری و نائاسایشی ئابووری و تەنانەت گەڕانەوە بۆ پشتبەستن بە خێزان یان کۆمەڵگە بێتەوە، کە زۆرجار شکست دەهێنێت لە دابینکردنی پشتیوانییەکی پێویست بۆ ژنانی جیابووەوە.

 

شارەزایانی خێزان پێیان وایە لاوازکردنی ئاسایشی دارایی ژنان دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی و ژنان ناچار دەکات لە پەیوەندییە مەترسیدارەکان یان توندوتیژییەکاندا بمێننەوە.

 

لە دۆخێکدا کە ژنان ئامرازێکی کاریگەریان نەماوە بۆ فشاری یاسایی لەسەر هاوژینێکی دەستدرێژیکار، پیاوان دەتوانن بەردەوام بن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بەبێ ترس لە کاردانەوەی دارایی یان یاسایی.