ژنانی باکوری کوردستان لە هەفتەی ٢٥ی تشرینی دووەمدا لە مەیدانەکان دەبن

لە درێژەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم تێکۆشانی دژ بە توندوتیژی بۆسەر ژنان لە مەیدانەکان دەبن و تا سەرنج ڕابکێشنە سەر توندوتیژییەکان، ژنانی باتمان، شرناخ، ئامەد و ماردین بەرنامەی ٢٥ی تشرینی دووەمیان ڕاگەیاند و داوای بەشداربوونی چالاکییەکەیان کرد.

 

مەدینە مەمەدئۆغڵۆ

ناوەندی هەواڵ - لە باکوری کوردستان ژنان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەمی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیان بە کارەکانیان کرد و بەرنامەکانیان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیاند، کە ڕاگەیاندراوی ڕۆژنامەوانی، گەشتی باڵۆن، یادکردنەوەی ئەو ژنانەی کۆمەڵکوژکران و ڕێپێوان ئەنجام دەدەن، لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا ژنان لە مەیدانەکان دەبن، تیشک دەخەنەسەر زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، بەرنامەکانیشیان بە نوژنها ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا: "ئێمە بە ڕۆحی بەرخۆدانی سێڤێ و ئاسیاکان ئامادەکاری بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم دەکەین".

 

"ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن لە دژی سیاسەتە پیسەکان"

گوڵیزار ئیپەک، ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی شاماران لە ماردین ڕایگەیاند: کە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان دژی سیستمی دەسەڵاتی پیاو و وەک ژنانی ماردین دەڵێین: "ئێستا کاتی ئازادبوونی ژنانە" لە مەیدانەکاندا ئێمە بەردەوام دەبین لەکاری ئاگادارکردنەوەمان دژی سیاسەتە پیسەکانی جەنگ و لەڕێگەی بەرنامەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە بەژنانی دانیشتووی قەزاکە دەگەین، وەک دەزانن ئەم سیستمە لەم دواییانەدا هەموو جۆرە شێوازێکی پیس دژ بە ژنان بەکاردێنێت و لە زیادبوونیشدایە، ئێمە وەک ژنان بەرخۆدانی خۆمان لە ئاست هەموو ئەو هێرشانە زیاتر دەکەین و هەرگیز دەستبەرداری مافەکانمان نابین، ئێمە زیاتر لە دژی سیاسەتە چەپەڵەکانی سیستەمی پیاوسالاری و بۆ بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراسیانە تێدەکۆشین و لە مەیدانەکاندا دەبین.

 

"بە ڕۆحی سێڤێ ئێمە لە مەیدانەکان دەبین"

زۆزان ئاکسو، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد ڕایگەیاند، کە لە هەفتەی ٢٥ی تشرینی دووەمدا ئێمە وەک ژنانی بۆتان بە ڕۆحی بەرخۆدانی سێڤێ، فاتمە، پاکیز و ئاسیاکان لە مەیدانەکاندا دەبین و وتی: "لەم دواییەدا بەتایبەتی لە کوردستان و لە هەرێمی بۆتان، سیاسەتێکی پیسی هەراسانکردن، دەستدرێژیکردن، لەشفرۆشی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و هەموو جۆرەکانی دژ بە ڕەوشتی کۆمەڵگا بەڕێوەدەچێت، گەنجانمان لە کەلتووری خۆیان بێبەشن، ئێستا لە تورکیا و بەتایبەتی خەڵکی باکوری کوردستان لەژێر داگیرکارییەکی سەختدان ئەمە بیرمان دێنێتەوە کە زیاتر تێبکۆشین و دەست لەناو دەستبین، زیاتر گرنگی بە کلتور و منداڵ و ژنان و کۆمەڵگاکەمان بدەین".

 

"ڕێکخراوی ژنان گەشە پێدەدەین"

فاتما ئابلای، هاوسەرۆکی باتمانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" دەربارەی ئەو بەرنامەیەی لە باتمان ئەنجامدەدرێت، ڕایگەیاند کە ئامانجیان کۆکردنەوەی سەدان ژنە لە دژی عەقڵییەتی کۆمەڵکوژکردنی ژنان لە گوند و قەزاکان، وەک ژنانی باتمان لە ڕۆژی بەرخۆدانی ٢٥ی تشرینی دووەمدا لە هەموو دەڤەرێکدا هێزی پیاوەتی دەشکێنین و لە مەیدانەکاندا دەبین بۆ بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنان دژ بە توندوتیژی ژنان و ئازاردان و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژکردن کەبە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە، بە سیاسەتەکانی جەنگ خەڵکیان خستەبەر ستەمی لایەنی ئابووری، سەرەتا لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بۆ ماوەی ٣٦٥ ڕۆژ لەگەڵ ژنان لە گەڕەک و قەزا و گوندەکان کۆ دەبینەوە، چاودێری و پاراستنی هەموو مافەکانی ژنان لە توندوتیژی دەکەین و ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکدەکەین لە دژی ئەو سیاسەتە بکوژانەی کە ویستی ژنان نییە".

 

زوڵفیە کشمیر، چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد، بانگەوازیکرد لە هەر شوێنێک ژن هەبێت دەنگی دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەرزبکاتەوە و ژنانی ئامەدی بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی هەڵوێست وەربگرن.

چالاکیەکان لە ١٥ی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات و ڕۆژانە تا ٢٥ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.

 

ت.پ