ئەو ژنەی لە هەڵەبجە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا مامۆستایە

دوێنێ پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند کە ژنێکی ٣٥ ساڵ لە شاری هەڵەبجە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ژنها زانیاری دەربارەی ناسنامەی بڵاودەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٠/٢١ی ئاب کاتژمێر ٣:٠٠، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، مقدم بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ڕایگەیاند، کە ڕووداوی خۆکوشتنەکە لە گەڕەکی شارەوانی شاری هەڵەبجە بووە، پاش گەیشتنی تیمی لێکوڵینەوەی پۆلیس دۆسیە بۆ ڕووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی (شەهید سەرکار) ڕێکخرا.

 

بەپێی زانیارییەکانی دەست ژنها کەوتووە، ژنەکە ناوی تەواوی نیان الـلەکرم محەمەد خان، تەمەنی ٣٥ ساڵە و دەرچووی بەشی تورکی زانکۆی کۆیەیە، پیشەی مامۆستای زمانی کوردی بووه.

 

نیان ماوەی ١٤ ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە، هۆکاری خۆخنکاندنەکەی نەزانراوە و بەپێی وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای  هەڵەبجە، لێکۆڵینەوە لە دۆسییە دەکرێت تا هۆکاری کۆتاییهێنان بە ژیانی نیان بخرێتە ڕوو.

 

ت.پ