ناوەندی ژنانی میسر بروشەری هۆشیاری یاسایی بڵاودەکەنەوە
ناوەندی ژنان بۆ هۆشیاری یاسایی لە میسر، بۆ بەشداری پێکردنی زیاتری ژنان لە ئەنجومەنە هەرێمییەکان و بوارەکانی دیکەدا بروشەری هۆشیاری بە ناوی" ڕێگەی ژنانی هەرێمی" چاپ و بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ
ناوەندی ژنان بۆ هۆشیاری یاسایی لە میسر، بروشەری هۆشیارییان بە ناوی" ڕێگەی ژنانی هەرێمی" بۆ بەشداری پێکردنی زیاتری ژنان لە ئەنجومەنە هەرێمییەکان و بوارەکانی دیکەدا چاپ و بڵاوکردەوە، ئامانجیشیان برەودانە بە توانای ژنان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خۆجێی، کە ئەرکێکی گرنگە بۆ ئەوەی ژنان ئەو ڕێژەیە تێبپەڕن کە لە دەستووری بنەڕەتیدا بۆیان دانراوە.
لە بروشەرەکەدا هۆشیاری زیاتر دەربارەی بەشداری زیاتری ژنان لە بوارە جیاوازەکان، بەدەستهێنانی مافەکانیان و تێکۆشان و زیادکردنی ئاستی خەباتیان لە کۆمەڵگەدا داوە.
ڕەدا ئەلدانبوکی، پارێزەر و ئەندامی بەڕێوەبەری ناوەندەکە، ئاماژەی بەوەدا کە بروشەرەکە شیکردنەوەیەکی فێمینیستی بەشداری ژنان لەبواری کاری گشتی لە میسر لەخۆدەگرێت و وتیشی: "ناوەڕۆکی بروشەرەکە هەوڵدەدات ژنان باشتر خۆیان بناسن و پێکەوە کۆببنەوە، ئەگەر ژنان هۆشیارییەکی ڕەگەزیی باشیان هەبێت و خۆیان لەسەری پەروەردە بکەن، دەتوانن بەشێوەیەکی باش بەسەر سەختییەکانی بەردەمیاندا زاڵ بن و بەشداری لە هەموو کار و کایەکاندا بکەن".
ت.پ