ئایشە ئۆزدۆغان کە توشبووی شێرپەنجەیە و زیندانی کراوە، نان ناخوات

ئامینە ئیردەم خوشکی ئایشە ئۆزدۆغان دوایین زانیاری دەربارەی ئایشە بڵاوکردەوە، کە تووشبووی قۆناغی ٤ی شێرپەنجەیە و زیندانی کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەوتەی ئامینە ئیردەم، ئایشە ئۆزدۆغان ماوەی چەند ڕۆژێکە لە قاوشی نەخۆشەکاندا ماوەتەوە و تووشی خوێنبەربوونی ناو چاوی بووە، هەروەها ماوەی چوار ڕۆژە نانی نەخواردووە چونکە خواردنەکە تیژە بۆی.

خوشکەکەی ئایشە ئۆزدۆغان دەشڵێت: "پارێزەرەکەمان لە زینداندا چاوی پێی کەوتووە، ئەو یەکەم ڕۆژ بەهۆی تێکچوونی لێدانی دڵییەوە لە نەخۆشخانە بوو، ئەو برینەی سەر دەموچاوی بەردەوام خوێنی لێدێت، ئەو ماوەی ٤ڕۆژە نەیتوانیوە خواردن بخوات چونکە خواردنەکە تیژە بۆی".

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ گەیەندرایە نەخۆشخانەی ویلایەتی دەنیزلی بۆ راپۆرت، پزیشکی نەخۆشخانەی ویلایەتی دەنیزلی وتی کە ئەو ناتوانێت بۆچوونێک دەرببڕێت، ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە کە بیبەنەوە بۆ ئەنتاڵیا.

زیاتر دەڵێت: "ئێمە پێشتر ڕاپۆرتێکی پزیشکی ئەنتاڵیامان هەیە کە ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، ئەو هەموو کات لە ناو قاوشی نەخۆشخانەکاندا دەمێنێتەوە، دەم و چاوی هەموو کات لە سەرما دەئاوسێت، ئەو وتی "ئیتر ناتوانم بەرگە بگرم".