٩ پەرلەمانتار یاداشتێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەریی دەکەن

٩ پەرلەمانتار لەسەر دواخستنی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان یاداشتێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوادەکەن لەسەر دواخستنی دانیشتنەکانی دادگا هەڵوێستی هەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنی پێنج لە دەستگیرکراوەکانی بادینان بە ناوەکانی "د.عامر خالید، سلێمان كه‌مال، جه‌مال خەلیل، سلێمان موسا، فرسه‌ت ئەحمەد" کە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پارێزگای دهۆک بوون بەڕێوەبچێت، بەڵام بە بیانووی گواستنەوەی دوو دادوەری دۆسیەکە، دانیشتنەکە بۆ ٢١ی مانگ دواخرا.

 

دوو ڕۆژ پێش و لە ٤ی مانگیشدا دانیشتنی چوار لە دەستگیركراوانی بادینان بە هەمان بیانوو بۆ ڕۆژی ٢٠ی مانگ دواخرا، ٩ پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانیش بە ناوەکانی "مژدە محمود، ئاشنا عەبدولقادر، هەڵز ئەحمەد، د.شایان کاکە ساڵح،  رووپاک ئەحمەد، عومەر گوڵپی‌، عەلی‌ حەمەساڵح، د.کازم فاروق، ئەبوبەکر هەڵەدنی‌" واژۆیان لەسەر یاداشتێک سەبارەت بە دەستگیرکراوانی بادینان کرد و ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمیان کرد.

 

لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: ئێمە کە ئاگاداری ناوەڕۆکی دۆسیەی تۆمەتبارانین و گوێمان لە تۆمەتەکان و شایەتەکان و وتەی‌ تۆمەتباران و داواکاری‌ گشتیی‌ و ئەنجومەنی‌ ئاسایش گرتووە، پێمانوایە ئەم هاوڵاتیانە بێتاوانن و هیچ شتێکیان نەکردووە دژی بەرژەوەندی گشتیی بێت، بە پێچەوانەوە ئەمانە نموونەی بەرزی خزمەتکردنی وڵاتەکەیان و چاکەی گشتی بوون.

 

داواش لە ئەنجومەنی‌ دادوەریی‌ هەرێمی کوردستان دەكەن، تەماشاکار نەبێت و لەم حاڵەتە ناتەندروستەی بەڕێوەچوونی دادگایی و دواخستنی یەک لە دوای یەکی‌ دانیشتنەکان هەڵوێستی هەبێت و چارەنوسی دەستگیرکراوان یەکلا بکاتەوە کە چواردە مانگە بەبێ تاوان دەستگیرکراون.

 

ت.پ