ڕووناک زەمانی لە یەکێک لە بەرزترین لوتکەکانی جیهان نوێنەرایەتی ئێران دەکات

ڕووناک زەمانی شاخەوانی ئێرانی بە هۆی سەرکەوتن بەسەر لوتکەی ماناسلو لە نیپاڵ، کە بەرزییەکەی ٨ هەزار و ١٦٣ مەترە، مەدالیای زێڕی جیهانی بە دەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ 

 

ماناسلو یەکێکە لە لوتکە بەناوبانگ و سەختەکان کە بەرزییەکەی ٨ هەزار مەتر تێدەپەڕێنێت، هەروەها هەشتەمین بەرزترین لوتکەی جیهانە، دەکەوێتە ناو زنجیرە چیای هیمالایا لە نیپاڵ.

 

فیدراسیۆنی شاخەوانی ئێران مەدالیایی زێڕی جیهانی بەخشییە شاخەوان ڕووناک زەمانی، خەڵکی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی سەرکەوتن بەسەر لوتکەی ماناسلو کە بەرزییەکەی ٨ هەزار و ١٦٣ مەترە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول لە نیپاڵ، ئەم شەرەفە وەک ڕێزلێنانێک بوو بۆ سەرکەوتنی ئەو لە گەیشتن بە یەکێک لە لوتکە بەرزەکانی جیهان، هەروەها نوێنەرایەتی ئێران لەم دەستکەوتە وەرزشییە جیهانییەدا.

 

دوێنێ ٩ی تشرینی دووەم، لە ناوچەی غولانی شاری سنە، بە ئامادەبوونی فیدراسیۆنی شاخەوانی ئەو شارە، ژمارەیەک لە شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی و بەشدارییەکی بەرفراوانی ژنانی شار، وەک ڕێزگرتن لەم دەستکەوتە وەرزشییە ناوازەیە، پێشوازییەکی ڕەسمی بۆ ناوبراو بەڕێوەچوو.

 

ڕووناک زەمانی، یەکەم ژنی کورد کە دەستکەوتێکی جیهانی لە شاخەوانیدا بەدەستهێنا و سەرکەوتووبوو لە گەیشتن بە لوتکەی ماناسلو لە نیپاڵ، سەرەڕای ئەوەی ٥٢ شاخەوان لە هەوڵەکانی پێشووتردا بۆ گەیشتن بەم لوتکە گیانیان لەدەستدابوو.

 

ساڵی ڕابردوو ڕووناک زەمانی بە سەرکەوتن بەسەر لوتکەی ''خان تێنغری'' لە کازاخستان دەستکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا و بووە یەکەم ژنی کورد کە بەسەر بەرزییەکی زیاتر لە حەوت هەزارمەتر سەربکەوێت.

 

سەرکەوتن بەسەر لوتکەی ماناسلو بەهۆی بارودۆخی سەختی کەشوهەوا و کەوتنەخوارەوەی بەرد و بەفربارین بە زۆر قورس ناسراوە، مانگەکانی ئایار و ئەیلوول بە باشترین کات دادەنرێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم لوتکەیەدا، ئەمەش بەهۆی جێگیری کەشوهەوا و کەمی ئەگەری ڕوودانی زریانەکانەوەیە.