ئاماری کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان ڕاچڵەکێنەرە

بەپێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لە سەرەتای ئەیلوولەوە تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەم، ٧ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون، ١ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستداوە، بەمەش لە سەرەتای ٢٠٢٥ تا ئەمڕۆ ٣٥ ژن کوژراون.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ -کوشتنی ژنان تەنها کوشتنێکی سادە و تاوانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی جیاکاری و کولتوورییە، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ڕووخانی بەها مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا، لە زۆرینەی کولتوورەکانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە باشووری کوردستان بە تایبەتی، بەهۆی عەقڵییەتی کۆنەپەرستی و کولتووری پیاوسالاری کوشتنی ژنان بە بیانووی جۆراو جۆر بەردەوامە، هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکانی ژنانیش لە باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە، سەروەر نەبوونی یاسا و دەستوەردانە ناو کاروباری دادگا، هەروەها بڵاونەکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان و ڕێگەنەدان بەڕوماڵکردنی کوشتنەکان.  

 

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان "نوژنها"، ژمارەی کوشتنەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تاوەکو سەرەتایی مانگی تشرینی یەکەم، بەم شێوەیەبووە:

 

لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، ژنێک بە ناوی چاوان حەسەن لە لایەن هاوژینەکەی کوژرا.

 

لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، لە پارێزگای هەڵەبجە تەرمی دایک و کچێک بە ناوی "ج .ف.س" تەمەن ٥٤ساڵ و "ه .ه .ع" تەمەن ۱۷ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە دیاربووە.

 

لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، لە شارۆچکەی کفری ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە ڕووداوێکی شەڕە چەقۆدا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، ژنێک لە شارۆچکەی ڕانیە، بەناوی ئەوین ساڵح، لە یەکەمین ساڵیادی هاوسەرگیریەکەییدا، بەشێوەیەکی گوماناویی بە سووتان گیانی لەدەستدا.

 

لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، لە شاری کەرکوک، ژنێکی تەمەن ٢٣ساڵ لەلایەن براکەیەوە بە ١٤ فیشەک کوژرا.

 

لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک لە ناو ماڵەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە، دواتر بکوژانی دەستگیرکرا.

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا، لە گەڕەکی کارێزەوشکی شاری سلێمانی، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان، لە سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٥ تاوەکو سەرەتایی مانگی تشرینی یەکەم، ٣٥ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون، ١٦ ژنیش بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، ٣ ژنیش هەوڵی کوشتنیان دراوە، ١ژنیش ناچار بە خۆکوشتنکراوە.