وۆرکشۆپی "جیهانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری پەروەردەدا" لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو
بەشی پەروەردە و دەروونزانی فاکەڵتی پەروەردەی زانکۆی کۆیە وۆرکشۆپێکی بەناونیشانی "جیهانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری پەروەردەدا" ڕێکخست و تێیدا جەختلەوەکرایەوە

شیا کۆیی
کۆیە_ ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کۆیە بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و میوانان و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کۆیە وۆرکشۆپی "جیهانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری پەروەردەدا" لەلایەن بەشی بەشی پەروەردە و دەروونزانی فاکەڵتی پەروەردەی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە و کۆڵەکەی سەرەکیی "خزمەتکردنی کۆمەڵگا" ڕێکخرا بوو تاکوو لە گۆشەنیگایەکی پەروەردەییەوە ڕەهەند و لێکەوتە جیاوازەکانی "زیرەکیی دەستکرد" وەک پێدراوێکی کۆمەڵگەی مۆدێرن گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
وۆرکشۆپەکە لە دوو پانێلدا چەندین بابەت و تەوەری لەخۆگرتبوو، لەلایەن جوان بەهادین، پرۆفیسۆری یاریدەدەرو د. هاژە تەها محەمەد، مامۆستا شیرین سەعید کەریم و بەسیدە حەیدەر، مامۆستای یاریدەدەر عەبدولباست کامل، پرۆفیسۆری یاریدەدەر پێشکەشکران و وەڵامی پرسیار و تێبینی بەشداربووانیان دایەوە.
بەهات عەبدولڕەزاق، سەرۆکی بەشى پەروەردەو دەرونزانی لەبارەى وۆرکشۆپەکەوە بۆ نوژنها وتى: ئێمە وەکو بەشى پەروەردەو دەرونزانى وۆرکشۆپێکمان ئەنجامدا لەسەر زیرەکى دەستکرد، ڕوونە لاى هەمووان لە ئێستادا زیرەکى دەستکرد هەموو جیهانى تەنیوە تێکەڵ بە ژیانى مرۆڤ بووە، ئەوەى لاى ئیمە گرنگە چۆن بە شێوە دروستەکەى بەکارى بهێنین و سودمەند بین لە زیرەکى دەستکرد و بیکەین بەسەرچاوەیەکى ڕاستەقینە چ وەک مامۆستاو توێژەران یان وەک خوێندکاران، چۆن بتوانین بە بیرکردنەوەیەکى زانستى سود لە بەکارهێنانى وەربگرین، چونکە خۆى پرسیارە کە منی مامۆستا یان خوێندکار چۆن بەکارىبهێنم بۆیە مەستمان ڕوونکردنەوەى تەواوى بەکارهێنانى زیرەکى دەستکردە بە شێوەى درووست.
وتیشى: ژنان دەتوانن لەماڵەوە چ پرسیارێکیان هەیە بیکەن وسودى لێببینىن، بەڵام بەشێوەیەکى ڕاست.
"دەکرێت دایکان سووری لێببینن"
جوان بەهادین، پرۆفیسۆری یاریدەدەر وتی: ژیرى دەستکرد بابەتى نوێى ئەمڕۆیە کە خەڵکێکى زۆر خۆى پێوە سەرقاڵ کردووەو بووە بە پێداویستى مرۆفایەتى، ژیرى دەستکرد ئەو بابەتەیە تا ڕادەیەک پشتى پێدەبەستین بۆ بابەتە ئەکادمیەکانمان، بەڕێوەبەرى جاتجیپیتی ئەی ئای وتى "لەمەودوا وابزانن قسە لەگەڵ کەسێکدا دەکەن کە لەهەموو بوارەکاندا دکتۆراى هەیە" ئێمەى ژنانیش دەتوانین خۆمان بەتوانا بکەین لەم ڕەورەوەى تەکنەلۆجیایا و دوانەکەوین، ژنان دەتوانن لەکارى رۆژانەش بەکارىبهێنن دەکرێت دایکێک سودى لێببینێت کە چۆن زانیارى بۆ منداڵەکەی وەربگرێت لەسەر شێوازى خواردن پێدان و تەندروستى، بەڵام ناشبێت سەد لەسەد پشتى پێ ببەستین. بەڵام دەکرێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ژیانى ڕۆژانەمان.