لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدان زیندانیانی زیندانی قزڵ حەسار مان لە خواردن دەگرن
کۆمەڵێک لە زیندانیانی زیندانی قزڵ حەسار لە شاری کەرەج بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گواستنەوەی کۆمەڵێک لە هاوزیندانیەکانیان بۆ ئەو زیندانە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هەیە لە جیهاندا، لەسێدارەدان لە حاڵەتی جۆراوجۆردا ئەنجام دەدرێت، لەوانە دۆسیەی سیاسی و پەیوەندیدار بە ئاسایشی گشتی.
ماوەی دوو ڕۆژە سەدان زیندانی لە یەکەی یەکەم و دووەمی زیندانی قزڵ حەسار لە کەرەج ڕەتیانکردووەتەوە بەشە خۆراکەکانیان وەربگرن و لە ڕێڕەوی بەشەکان دانیشتنیان ڕێکخستووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر گواستنەوەی ١٦ زیندانی بۆ ژووری تاکەکەسی و زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم، کۆمەڵێک لە بنەماڵە و کەسوکاری زیندانیانی سزای لە سێدارەدان، لە بەردەم زیندانی قزڵ حەسار خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست، هەروەها بەشداربووان وێنەی ئازیزانیان بەرزکردەوە و دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان" و "دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێننەوە" وتەوە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ناو زیندانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی بەردەوامی مانگرتن لە خواردن، تەندروستی چەند زیندانییەک تێکچووە، نیگەرانییەکانیش بۆ تەندروستیی خۆپیشاندەرانی دیکە پەرەدەسەنن، بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری زیندانەکە ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم بەمەبەستی دابەشکردنی خۆراک گەیشتووەتە ئەو زیندانیە، بەڵام زیندانییەکان سووربوون لەسەر درێژەدان بە مانگرتنەکە و گەڕاندنەوەی خۆراکەکان.
سەرەڕای بەڵێنەکانی ڕاگرتنی لەسێدارەدان و گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە زیندانییەکان کە گواسترابوونەوە بۆ بەشەکە، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە نەگۆڕاوە و ژینگەی زیندانیش لە لە بارودۆخێکی توندی یەمنیدایە، فانۆسی زیندانیش داخراوە و کاربەدەستانی دادگای لە وێن لەوان ڕوحوڵا حوسێن زادە، جێگری دادستانی کەرەج ئامادەی ئەو زیندانە بوون و بە پێدانی بەڵێن هەوڵیان داوە زیندانییەکان ڕازی بکەن کە کۆتای بە مانگرتنەکە بهێنن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا، تۆماری کردووە، کە لە نێوان ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ و ٨ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و ٥٣٧ کەس لە سێدارە دراون، بە پشتبەستن بەو ئامارانە، زیندانی قزڵ حەسار لە شاری کەرەج زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لەم ماوەیەدا تۆمار کردووە.
بەشێکی ئەم ڕاپۆرتە بەراوردێکی ئاماری لە لەسێدارەدانی لە ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لەخۆ گرتبوو، کە تیشکی خستە سەر زیادبوونی بەرچاو لە خێراییان، هەروەها کۆی گشتی لەسێدارەدان لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا گەیشتە شەش هەزار و ٣٩٩ کەس، لە کاتێکدا ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەرزبوونەوەیەکی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی.
بەلایەنی کەمەوە هەزار و ٥٣٧ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمارکراوە، کە زۆرترین ژمارەیە لەو ماوەیەدا، ئەم زیادبوونە زیاتر لە ٨٦% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو کە ٨٢٣ حاڵەتی لەسێدارەدانی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ئەم ژمارەیە تێکڕای ساڵانەی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زیاترە، ئەمەش نیگەرانی پەرەسەندوو سەبارەت بە ڕەوتی بەرزبوونەوەی جێبەجێکردنی ئەم سزایانە دروستکردووە.