وانا و فیف بانگەوازی بەپەلە دەکەن بۆ پەخشان عەزیزی
وانا و فیف ناڕەزایی خۆیان لە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا دەربڕی و داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان هەنگاو بنێن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم، ئەمیر ڕەیسیان، پارێزەری زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و پارێزەری مافی مرۆڤ سەپاندووە، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان لە زیادبووندایە. تۆڕی هاوپشتی ژنان WANA (ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا) و ڕێکخراوی ئازادی ژنانی ئێران لە ئاڤوستوریا FİF (فۆڕوم ئێرانیشێر فراوێن) ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوایکرد ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بگیرێتەبەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وانادا هاتووە:
ئێمە ئەندامانی تۆڕی هاوپشتی ژنان "WANA" داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان دەکەین با دەست بە کردەوەی یەکلاکەرەوەو بەپەلە بکەین بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی پشتڕاست کردۆتەوە و دەشێت ئەو حوکمە لە هەر کاتێکدا جێبەجێ بکرێت، پەخشان عەزیزی ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنانی بێبەش و خەباتکردن بۆ یەکسانی و دادپەروەری بۆ کۆمەڵگاکەی، پابەندبوونی بەهێزی بە مافەکانی مرۆڤەوە هیوای بۆ زۆر کەس هێنایە ئاراوە، لە سێدارەدانی ئەو ژنە نەک هەر نادادپەروەرییەکی دڕندانە دەبێت، بەڵکو دەنگ بۆ پێشکەوتن و یەکسانی لە ئێران بێدەنگ دەکات.
"پێویستە هەموو کەسێک دەستبەجێ هەنگاو بنێت"
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا داوای کرد هەمووان دەستبەجێ هەنگاو بۆ پەخشان عەزیزی بگرنەبەر و وتی: بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانانی وەک پەخشان عەزیزی پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، پێویستە هەنگاو بنێین بۆ ڕێگریکردن لەم نادادپەروەرییە نەگەڕاوە، داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خۆیان تەرخان کردووە بۆ دادپەروەری و مافی مرۆڤ، داواش لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دەکەین لەگەڵمان بن لە ئیدانەکردنی ئەو سزایە، با پشتیوانی پەخشان عەزیزی و بنەماڵە و کۆمەڵگەکەی بکەین و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە بکەین، کات زۆر گرنگە، پێویستە پێکەوە کەرامەتی ژیانی مرۆڤ مسۆگەر بکەین و ئەوە ڕوون بکەینەوە کە نابێ چالاکوانانی مافی ژنان بکرێتە ئامانج لەبەر ئازایەتی و داکۆکیکردنیان و جیهان لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ نابێت، بۆ ڕێگریکردن لەم کارەساتە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژیان و دەنگی پەخشان عەزیزی ببێتە مایەی هیوا و گۆڕانکاری بۆ نەوەکانی داهاتوو، پێویستە یەکبگرین.
"ڕژێمی ئێران یاساکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات"
هەروەها ڕێکخراوی ئازادی ژنانی ئێران لە ئاڤوستوریا، FİF (فۆڕوم ئێرانیشێر فراوین) لە پەڕەی فەیسبووک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، فیف ناڕەزایی خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا دەربڕی. FİF خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای لەسێدارەدان بوو، لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیی گەلی ئێران و وتراویشە: ڕژێم کە دوژمنی ژنانە، جارێکی دیکە بە پشتڕاستکردنەوەی ئەمە زوڵمی خۆی ئاشکرا کردووە، بە شێوەیەکی نایاسایی سزای لە سێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزیدا سەپاند و یاساکانی مافی مرۆڤی پێشێل کرد، ئەم هەوڵە دژی بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی گەلی ئێرانە، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارە نامرۆڤانەیە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەپەلە ڕێوشوێن لە دژی ئەم بڕیارە بگرنەبەر. با کۆماری ئیسلامی بزانێت کە ئەم بڕیارە لە یەکلاکردنەوەی داخوازی خەڵک بۆ دادپەروەری و مافی مرۆڤ کەم ناکاتەوە،نا بۆ سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عیزیزی و وریشە مورادیدا.