ڕێکخراوێکی هۆڵەندی: هێرشەکانی تورکیا زیانێکی زۆریان بە ژینگەی هەرێم گەیاندووە

ڕێکخراوێکی هۆڵندی لە ڕێگەی شیکاری وێنەکانی مانگی دەستکردەوە، مەترسی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم لەسەر ژینگە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، زیانێکی زۆر بە ژینگەی هەرێمی کوردستان گەیاشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ئاشتی هۆڵەندی PAX لە راپۆرتێکدا باس لەو زیانانە دەکات کە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوەیە ژینگەی هەرێمی کوردستانیان گەیاندوو و بۆتە هۆی سووتانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە دارستان و پوش و پاوانی ناوچەکە و لەناوبردنی زیندەوەرەکانی ئەو ناوچانە.

 

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا هاتووە هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری ژینگەیی بەو ناوچانە گەیاندووە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە تورکیا هێرشیان دەکاتە سەر.

 

ئەوەش هاتووە لە ئاکامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان زیانی گەورە بە دارستان و زنجیرە شاخەکانی زاگرۆز کەوتووە و بە هۆی کەوتنەوەی ئاگریشەوە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکە گەشتووە.

 

لە بەشێکی تری راپۆرتی ڕێکخراوە هۆڵەندییەکەدا هاتووە کە دەرەنجامەکانی ئەم شیکارییە ئەوە دەردەخەن کە ئەگەری زۆرە لە٪٧ـی زەوییە سووتاوەکان بەهۆی ڕووداوی ململانێیەوە بێت، کە زۆرینەیان دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە هێرشی ئاسمانی یان تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە.