پەرتوکخانەی ئەدەبی ژنان لە ئامەد کرایەوە

لە مەراسیمی کردنەوەی پەرتوکخانەی ژنان لە ئامەد، ئاماژە بەوە کرا "ناگیهان ئاکارسەل خواستی پەرتوکخانەی ژنان لە سلێمانی بکاتەوە، لەو پێناوەشدا کرایە ئامانج، ئێمەش خەونەکانی بەدی دەهێنین".

ئامەد

 

شارەوانی ئامەد بە سەرۆکایەتی دەم پارتی لە پارکی ٧٥ "پەرتوکخانەی بەرهەمی ژنان"ی کردەوە. هەروەها بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەداران و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری مەراسیمی کردنەوەی پەرتوکخانەکە بوون و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە.

 

لە مەراسیمی کردنەوەی پەرتوکخانەکەدا، بێریڤان گوڵشەن سنجار، هاوسەرۆکی شارەوانی پێیاس وتارێکی پێشکەشکرد و وتی کە پەرتوکخانەکە یادگاری و یادەوەرییە بۆ شارەکە، "کاتێک ئەم کارەمان ئەنجام دەدا، ویستمان ناوەندێکی تایبەت بە ژنانمان هەبێت، ئێمە هۆشیاریمان زیاد دەکەین".

 

سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد وتی: بە هۆی ئەم پەرتوکخانەیەوە حەقیقەت زیاتر دەردەکەوێت.

 

"ناگیهان ئاکارسەل هەوڵی دەدا پەرتوکخانەکە لە سلێمانی بکاتەوە"

عەدالەت کایا، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد ئاماژەی بەوەدا کە دروستکردنی پەرتوکخانەکە لە ڕووی مێژووییەوە واتادارە و وتی: ئەم شوێنە شوێنی بەرخۆدان و یادەوەرییە، لە کاتێکدا ناگیهان ئاکارسەلی هێزا لە سلێمانی سەرقاڵی کردنەوەی پەرتوکخانەی ژنان بوو، تیرۆر کرا، بەدیهێنانی خەونەکانی میراتی ژنانمانە،  خوڵقێنەری فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دوایین دیداریدا پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە ئەوەیە کە قسەکانمان بەهێزتر بکەین و ئەم زانستە فراوانتر بکەین بە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان.

 

فاتمە تاشلیتونج، نووسەر، باسی لەوەکرد، ئەم پەرتوکخانەیە دەبێت نموونەیەک بێت بۆ هەموو شارەوانییەکان و وتیشی: پێویستە کار لەسەر ئەو ژنانەش بکرێت کە لە ماڵەوە دەمێننەوە، شارەوانی پێویستی بە خێراکردنی کارەکانی هەیە بۆ ژنان.

 

گوڵشەن ئۆزەر، هاوسەرۆکی ڕێکخستنی دەم پارتی لە شاری ئامەد داوای لە هەموو ئەو ژنانە کرد کە دەیانەوێت بخوێننەوە و بنووسن و لێکۆڵینەوە بکەن، سەردانی پەرتوکخانە بکەن.

 

دوای وتارەکان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ پەرتوکخانەکە کرایەوە و ژنانی بەشداربوو ئاهەنگیان گێڕا.