شادی نەوزاد: دەستگیرکراوانی بادینان نمونەی وەستاندنەوە دژبە دەسەڵاتی خۆسەپێنن

لەلایەک دادگاکانی هەرێمی کوردستان سزای زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس و چالاکواناندا دەسەپێنن، لەلایەکی دیکەوە نۆبڵی ئاشتی دەدرێتە ڕۆژنامەنووس لە پای کارکردنیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی نەرویجی، دوو ڕۆژنامەنووسی بە ناوەکانی ماریا ڕیسا و دیمیتری مۆراتۆڤ دیاریکرد تا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان پێببەخشرێت لە پای "تێکۆشانی بوێرانە بۆ ئازادی ڕادەربڕین" لە وڵاتەکانیاندا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ساڵێکە نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دروست دەستگیرکراون بێ دادگاییکردن.

 

ئەگەرچی لە جاڕنامەی "بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ"ی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە مافەکانی چالاکوانان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووبەڕووی هێرش و گوشار، توندوتیژی و دەستگیرکردن دەبنەوە، هەرێمی کوردستانیش "یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان" هەیە تا پاراستنی ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسی پێبکرێت، بەڵام ئەوانیش ڕووبەڕووی لێدان، توندوتیژی و دەستگیرکردن دەبنەوە وەک دەستگیرکراوانی بادینان.

 

لەو بارەیەوە شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فەیسبووکی خۆی دەڵێت: "لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ، لەژێر چەندین ناوی جیاوازدا و بە کۆمەڵێک یاسای دوور لە مافی ڕۆژنامەگەری و ئازادییەکانی ڕادەربڕین چاوەڕێی چارەنوسێکی نادیارن لە دادگاکانی کوردستان، دوو ڕۆژنامەنوس خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ دەبەخشرێت".

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:

"لە چەند دێڕێکدا ماریا ڕێسای براوەی خەڵاتەکە دەڵێت: لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆیان دەرکەوت کە دونیایەکی خاڵی لە ڕاستییەکان، دونیایەکی خاڵییە لە باوەڕبون و حەقیقەت، ئێمە پێویستە هەمووان ئاگادار بکەینەوە ئەم ئازادیانە ڕۆژانە لەناودەبرێن لەبەر چاوماندا.

گیراوان و سزادراوانی بادینان (بە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانیشەوە) وێنەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و گەندەڵ وەستاونەتەوە، بۆیە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە مامەڵەیە بونەتەوە."

 

ت.پ