٣ کاتژمێرە دەنگدان دەستیپێکردووە و بەشێکی ئامێرەکان لە کارکەوتوون
هەڵبژاردنی گشتی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و بەشێک لە ئامێرەکان لە کار کەوتوون، کۆمسیۆن لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دایە.

سلێمانی
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٠٠ لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی گشتی دەستیپێکرد و لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی سێ کاتژمێردا بەشێک لە ئامێرەکان لە کارکەوتوون.
لە بەشێک لە ناوەندەکانی دەنگدان لە سلێمانی، هەولێر، بەغدا و چەندین ناوچەی دیکە ئامێرەکان لە کار کەوتوون، بەپێی زانیارییەکانیش هۆکاری لە کار کەوتنەکە نەخوێندنەوەی کۆدەکەیە لەلایەن ئامێرەکەوە.
پەیامنێری ژنها لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند کە لە کار کەوتنی ئامێرەکان گرفت بۆ دەنگدان دروستدەکات و ئەو ئامێرانەی دانراون پەنجە مۆرەکان ناخوێننەوە، هەندێک لە وێستگەکانیش بەو هۆکارە داخراون تا کێشەکە چارەسەر دەبێت.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٧٤١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەشت هەزار و ٢٧٣ ناوەندی دەنگدان كراونەتەوە تا پڕۆسەی هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەبچێت.
ت.پ