پەرلەمانتارێک نادادی و جێبەجێنەکردنی یاساکان لەلایەن حکومەتەوە بەرامبەر خاوەن پێداویستی تایبەت ئاشکرا دەکات

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ ئاشکرای کرد، تا ئێستا ٣٠ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەیان نییە، نادادی لە مووچەکاندا هەیە، حکومەت لەبری پاکسازی لە مووچەی چاودێری خێزانی، کۆی هاوکارییەکەی نەهێشت.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بینای ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری، بەدریە ئیسماعیل، ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا نادادیەکانی بەرامبەر خاوەن پێداویستی تایبەتەکان خستەڕوو.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، بەدریە ئیسماعیل ئەوەی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٥ بەناوی چاکسازی حکومەت مووچەی سەرجەم چاودێری خێزانی تایبەت بە هاوڵاتیانی خوار هێڵی هەژاری بڕی، کە منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان نەماوە یاخود سزادراوە، ژنانی کە هاوسەرگیریان نەکردووە، ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، کەسانی بەساڵاچوو و پەککەوتە بەو مەرجەی سەرچاوەیەکی دیکەی بژێوی ژیانیان نەبێت.

 

 ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان چەندین جار بەدواداچوونیان بۆ هۆکاری نەمانی ئەو مووچەیە کردووە، بەڵام حکومەت وەڵامی نەداونەتەوە، لە کاتێکدا ئەوە مافی یاسایی ئەو هاوڵاتیانەیە، هاوکات لەو بودجەیەی کە تەرخانیش دەکرێت هیچ بەشێک بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت نییە.

لە بارەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیشەوە ئاشکرای کرد، کە لە ساڵی ٢٠١٢ هیچ خاوەن پێداویستییەک ناوی تۆمارنەکراوە، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس چاوەڕوانی ناو تۆمارکردنن، هاوکات بەپێی یاسای ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠١١ دەبێت هەر خاوەن پێداویستی تایبەتێک بەپێی ڕێژەی کەمئەندامییەکەی مووچەکەی لە ١٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٢٥٠ هەزار دیناری  پێبدرێت، بەڵام ئەو یاسایە جێبەجێناکرێت.

 

ڕایگەیاند، "کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نەک تەنها مافە یاساییەکانیان بەڵکو مافەکانی دیکەشیان پێشێلکراوە، لە بەرامبەریشدا هە ربەپێی یاساکە دەبێت ئەو دایکوباوکانەی کە منداڵەکانیان خاوەن پێداویستی تایبەتن و فەرمانبەر نین مووچەیەکیان بۆ دابین بکات، بەڵام حکومەت ئەمەشی نەکردووە"، لە کۆتایشدا ئاشکرای دەکات وێڕای ئەوەی هۆکاری ئەو نادادییان لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پرسیووە بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕازیکەری پێنەداون.

 

ت.پ