خەدیجە مەهدیپورکە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ زیندان گەڕێندرایەوە
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی گواستنەوەی زیندانییەکی سیاسییان بە ناوی خەدیجە مەهدیپور بۆ نەخۆشخانە و ناردنەوەی بۆ زیندان ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ٥ی کانوونی دووەم خەدیجە مەهدیپور بۆ دووەم جار گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ئیلام دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کەم ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کرا بۆ چاودێری پزیشکی.
سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەی خەدیجە، ڕایانگەیاند کە خەدیجە کێشەی هەرس و گورچیلەی هەیە بەڵام چاودێری پزیشکی ڕەتکراوەتەوە بۆیە بە تەواوی تەندروستی تێکچووە.
خەدیجە مەهدیپور، چالاکوانی مەدەنی تەمەن ٣٤ ساڵ و دانیشتووی ئیلامە، کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە ماڵی مامی دەستگیرکرا و دوای دوو ڕۆژ گواسترایەوە بۆ زیندانی ئیلام، لەلایەن دادگای شۆڕشەوە سزای ٢٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەتۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بەدەوڵەت و سوکایەتیکردن بەدامەزراوەی کۆماری ئیسلامی و سوکایەتیکردن بەلێپرسراوی باڵا".