کژار: لە دژی کوشتنی ژن و ژینگە تێبکۆشین

کۆمەڵگای ژنانی ئازای ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی رابروودا هێرشێکی تایبەت کراوەتە سەر ژنان و ژینگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە پێویستە لە دژی کوشتنی ژن و ژینگە تێبکۆشن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگای ژنانی ئازای ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، "ساڵی ٢٠٢١ یەک لە دژوارترین ساڵەکان بۆ ژن و ژینگە بوو، لە بەر ئەوەی هەم ژن و هەم ژینگە کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵات و داگیرکەرانی خاک و ئاوو هەوا، ئەم هێرشانە لە هەندێ وڵات تەنیا لە سەر ئاستی سیستمی دەسەڵاتدارییەوە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت لە کوردستان هەم لە سەر ئاستی دەسەڵات و هەم لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە شێوازێکی چڕوپڕ بەڕێوە دەچوو، ئەم هێرشانە بە شێوازی جۆراوجۆر وەک سووتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان، بەستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان و هاوکات بەکارهێنانی چەکی قەدەغە کراو لە سەر ژینگە ئەنجام دران. هەروەها لە سەر ژنانیش بەکارهێنانی عەقڵییەتی کۆنەپارێزی بۆ کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی نامووس ، سەپاندنی داب و نەریتی دەوڵەتانی بێگانە کە لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواری ناگونجیت، شەڕ و داگیرکاری، ئەمانە هەموو هۆکارە سەرەکییەکان بوون بۆ قەتلووعامی ژن و ژینگە لە بەرئەوەی ژن و ژینگە دوانەیەکی لە یەک دانەبڕوان،هەر چەندە دەسەڵات غافڵە لەوەی کە لەناو چوونی ئەو دوو ڕاستییە لە ناو چوونی ئەوانیشە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دۆخە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا دەبیندرێ و بەداخەوە رۆژانە شاهیدی کوشتن و خۆکوشتنی ژنانن، سووتاندنی دارستانەکان و بەستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لە لایەن دەسەڵاتی خۆسەپێنی رژێمی ئێران دەبینن، دەشڵێن: "هەر وەک  لە ساڵی ڕابردووشدا بینیمان کوشتنی ژنان و لەناوبردنی ژینگە هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم بەلووچستان و لوڕستان و هەروەها زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکانی جوگرافیای ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە".

 

ئەوەشی تێداهاتووە، "جێگای دڵخۆشییە هەرچەندە دەسەڵات هەوڵەکانی بۆ چەوساندنەوە و لەناوبردن زیاتر بێت، ئەوەندەش خەڵک بە هۆشیاریەوەو بە کارو هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆرەوە پیلانەکانی رژێمی ئێران پووچەڵ دەکەنەوە، لە چوارچێوەی پاراستنی نرخەکانی کۆمەڵگە  لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەڵمەتێکمان لە ژێر دروشمی "لە دژی سێدارەو قڕکردنی ژنان کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە" ڕاگەیاند و لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەندین کەمپەینی جیاواز لە دژی سیاسەتی قڕکردنی زیندانیانی سیاسی و هەروەها هاوسەرگیری مناڵان ، ژینۆسایدی ژنانە  بەڕێوە چوو، ئەم کەمپەینانە کاریگەری و ڕەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات هەبوو".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کژار، بۆ خاون دەرکەوتن لە ژن و ژینگە کەمپەینێک بە دروشمی  "لە دژی کوشتنی ژن و ژینگە تێبکۆشین" ڕادەگەیێنین و لەو چوارچێوەیەدا چ ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانمان، هاوکات بانگ لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ژنان دەکەین کە بە بەشداری کارایان لەم کەمپەینەدا جێگە بگرن و هەوڵەکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجی ئەم کەمپەینە کە پاکتاو کردنی ئەو عەقڵیەتەیە کە هەوڵی لە ناو بردنی ژن و ژینگە دەدات".