گوڵستان کلچ کۆچیگیت: سیاسەتی ١٠٠ ساڵە مایەپووچ بووە

گوڵستان کلچ کۆچگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی وتی: سیاسەتی سەد ساڵەی تورکیا مایەپووچ بووە، خواستمان سەردەم و قۆناغ و تورکیایەکی نوێیە.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە پەرلەمان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامداو تیشکی خستە سەر ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی دەم پارتی و جەختیکردەوە ڕاپۆرتەکە بە تەنها دەقێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ئامانجی بونیاتنانی ئاشتی، دادپەروەری و ئایندەیەکی هاوبەشە لە تورکیادا.

 

کۆچیگیت لە بەردەوامییدا وتی: دەمانەوێت هەنگاوبنێین، پێشبکەوین و خواستمان قۆناغ و سەردەم تورکیایەکی نوێیە.

 

گوڵستان کۆچیگیت ئاماژەی بەم خاڵە سەرەکیانە کرد کە لە ڕاپۆرتەکەی دەم پارتی لە کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەییەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە:

- ئاشتی تەنها بە ڕاوەستاندنی شەڕ نایەتە دی، ئامانجی بنەڕەتی ئاشتییەکی پۆزەتیڤە لەسەر بنەمای یاسایەکی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک.

- سیاسەتی سەد ساڵەی دەوڵەت کۆتایی هاتووە، کاتی ئەوەیە ئاوەزی دیموکراتیکانە ڕۆڵ بگێڕێت.

- دیموکراتیزەبوونی تورکیا پەیوەست بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە، لێکدانەوە و پێناسەکردنی درووستی پرسی کورد ئاشتی لەگەڵ خۆی دێنێت.

- پرەنسیپی هیوا لە ئاستێکی چارەنووسسازدا گرنگە، ئەمەش بە یاسای ئەنتێگراسیۆن دێتە دی.

- پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسی مافی کەلتوور، زمانی دایک و هاووڵاتیبوونی یەکسانە.

 

دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار

گوڵستان کلچ کۆچیگیت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و لەسەر پرسی قەسەدە وەڵامی دایەوە و لە بەرفراوانییدا وتی: داینامیکی ناوخۆیی سووریا هەیە، پێکهاتەی خۆی هەیە. ئێمەش لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکەی سووریا دەکەین. چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە سەقامگیری و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سووریادا بەدی بێت. هەربۆیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار، دەبێت هەمووکەسێک لە نێو هەوڵداندا بێت. لەم پرسەدا دەبێت تورکیا، بەتایبەتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەشدارییەکی ئەرێنی لە پرۆسەکەدا بکات، لە دۆخێکدا بێت کە ڕێگری لە شەڕ بکات و ڕێگری لە ڕووداوی نەرێنی بکات.

 

کورد و گەلانی دیکەی سووریا لە ئازار تێربوون. گەلانی ئەوێ ئاشتی، یەکسانی، ئازادی، پێکەوە ژیانیان دەوێت. لەو باوەڕداین لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سووریادا گەلانی سووریا، هەموو باوەڕییەکان پێکەوە سووریایەکی دیموکراتیک و ئازاد بنیات دەنێن. لەم پرسەدا ئامادەین بە هەموو شێوەیەک هاوکاری بکەین. بە بۆچوونی ئێمە دەبێت حکومەت و دەسەڵاتدارانیش هاوکارییەکی هاوشێوە بکەن. ئەمەش سوودی بۆ ئاشتی هەرێمەکە و وڵاتەکەمان دەبێت.