لە جەزائیر ٧٧%ی زیانبەرکەوتووانی دەستدرێژی زایەندی و توندوتیژی منداڵانن

ئەو منداڵانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە جەزائیر ڕووبەڕووی توندوتیژی زایەندی بوونەتەوە، هەندێکیان تەمەنیان لەنێوان دوو بۆ سێ ساڵدایە و هەندێکیان گەورەترو گەنجن.

نەجوا ڕاهم

 

جەزائیر- لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٧٧%ی زیانبەرکەوتووانی دەستدرێژی زایەندی و توندوتیژی لە جەزائیر منداڵ بوون، هەروەها فەرامۆشکردن و نەبوونی ڕاپۆرتکردن یەکێکن لە دیارترین هۆکارەکان کە دەکرێت کاریگەری نەرێنی و دەرئەنجامی گەورەی لەسەریان هەبێت.

 

یەکەی پزیشکی دادوەری لە نەخۆشخانەی زانکۆی مستەفا پاشا لە جەزائیر ئاشکرای کرد، ٧٧%ی منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیانبەرکەوتووی توندوتیژی زایەندی بوون، ئەو منداڵانە دەبێت لە ژێر پاراستنی خێزان و حکومەتدا بن، بەڵام تاوانباران کەسانی نزیک لە خێزانەکە یان بەشێکیانن، وەک پزیشکی دادوەری جەمیلا عەزوز پشتڕاستی کردووەتەوە لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا ٢٧٩ زیانبەرکەتوو تۆمارکراون، لەناویاندا ٢٠٠ منداڵ هەن، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی کەرەنتینکردن لە ساڵی ٢٠٢٠ بەتایبەتی لە کاتی داخستنی قوتابخانەکاندا، ژمارەی زیانبەرکەوتووان لە مانگی ئادار و نیسان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، پێش ئەوەی لە مانگی ئایاردا دەست بە بەرزبوونەوە بکات، جارێکی دیکە لە ماوەی پشووەکاندا کەمیکردووە و لە نێوان ئەیلوول و کانوونی یەکەمدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ٣٠.٦%ی زیانبەرکەوتووە تۆمارکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا تەمەنیان لە ١٠ ساڵدا بووە، دواتریش ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ ساڵدایە و دواتر تەمەنی نێوان ١٦ بۆ ١٨ ساڵ هەبووە، سێیەکی حاڵەتەکان یان ٢١.٧٧%ی دەستدرێژی زایەندیان لێکراوە، ئەم ڕێژەیە بە نزیکەیی وەک خۆی ماوەتەوە لە ساڵانی دواتردا.

 

"باسکردنی لە لایەن منداڵانەوە کاتی پێدەچێت"

قەردا نور هودا، دەروونناس وتی: زۆرجار منداڵەکە ڕاستەوخۆ باسی ئەوە ناکات کە بەسەریدا تێپەڕیوە، بۆیە ئێمە بە وێنەکێشان و چیرۆک و وێنە دەست پێدەکەین بۆ ئەوەی متمانەی پێ ببەخشین، ئەمە لەوانەیە کاتی پێبچێت، بەڵام دەزانین چ ڕێگایەک وامان لێدەکات منداڵەکە قسە بکات و لە سەرووی هەموو ئەمانەوە دەبێت دەرئەنجامی توندوتیژی لەسەر باری دەروونییان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیانبەرکەوتووان باس لەوە دەکەن کە ئازار دراون ئەویش لە یادەوەرییاندا ماوەتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا قەردا نور هودا وتی: ئەوان منداڵن، بەڵام ئەوانەی کە زۆرتر کراونەتە ئامانج ئەوانەن تەمەنیان لە نێوان ٨ بۆ ١٢ ساڵدایە و ڕێژەیەکی زۆر لەلایەن گەورەکانەوە کە لە دەوروبەری خۆیانن و دەیانناسن دەستدرێژییان کراوەتەسەر، کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونییان زۆر قورسە و بەبێ بەدواداچوون ئەم تراومایە بە درێژایی ژیانیان هەڵدەگرن چونکە کاریگەرییەکانی دوای تەندروستی دەروونییان ناگەڕێتەوە.