ژنێکی گەنج لە بەغدا بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا

لە ناوچەی زەیوونەی شاری بە‌غدا، ژنە چالاکێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو ئۆتۆمبێلکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا و تا ئێستا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٢٦ی نیسان، لە ناوچەی زیوونەی شاری بەغدا، غوفران مەهدی ناسراو بە "ئووم فەهد" کە چالاکێکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە بە دەستڕێژی گوللـە کۆژرا، هەروەها ژنێکی دیکە برینداربووە، کە لەگەڵ ئووم فەهدا بووە لە کاتی ھێرشەکەدا.

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق تیمێکی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی ھۆکاری کوشتنی ئووم فەھد و گەڕان بەدوای تۆمەتباراندا پێکھێناوە.

 

غوفران مەهدی "ئووم فەهد" لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسێکی ناسراوە، لە شوباتی ٢٠٢٣دا، بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆ و وێنە، کە لەگەڵ ئاکار و ئادابی گشتیی کۆمەڵگەی عێراقدا ناگونجێت، دادگای عێراق سزای ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند، پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانییەکەشی، شەوی ڕابردوو لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا.