چالاکوانێکی ئەفغانیی کاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی جیهانیی

ژولیا پارسی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و سەرۆکی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خۆبەخشانەی ژنانی ئەفغانستان کاندید کرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مارتن ئێناڵز.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی خەڵاتی مارتن ئێناڵز بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژولیا پارسی، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانیی، کە لە ماوەی رابردوودا لە زیندانی تاڵیبان ئازادکرا، کاندیدکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مارتن ئێناڵز.

 

خەڵاتی مارتن ئێناڵز یەکێکە لە خەڵاتە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، کە بەناوی مارتن ئێناڵزی چالاکوانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ و سکرتێری گشتیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی دانراوە و ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە لەدژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەوەستنەوە.

 

خەڵاتەکە بەهاوبەشیی لەلایەن هەریەکە لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی جیهانی دژی ئەشکەنجە و ژمارەیەک رێکخراوی دیکەی بواری مافەکانی مرۆڤەوە دابیندەکرێت

 

ژولیا پارسی، چالاکوانی دیاری ئەفغانییە و لەدوای وەرگرتنی حوکمی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە وڵاتەکەی مایەوە و سەرباری رێگریی و فشارەکانی تاڵیبانیش، بەشداریی لە چەندین چالاکیی و خۆپیشاندانی نارەزاییدا کرد دژ بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن تاڵیبانەوە.

 

سەرەنجام لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا ژولیا پارسی و کچەکەی لەلایەن هەواڵگریی تاڵیبانەوە دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار، دوای ماوەی زۆر زیندانیکردنیش، لە ماوەی رابردوودا ئەو ژنە چالاکوانە و کچەکەی ئازادکران