هاوسەرۆکی شارەوانی پاسور: سەرلەنوێ دەنگ و ڕەنگی ژنان دەژیەنینەوە

لە شارۆچکەی پاسور، کە دامەزراوەی ژنان و گەنجانی لەلایەن قەیومەوە ڕادەستی هاوسەرۆکایەتییەکانی دەم پارتی کرا، ئەرکی لە پێشینەی هاوسەرۆکەکان بووەتە زیندووکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی ژنان.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- لە شارۆچکەی پاسوری ئامەد کە نزیکەی ٢ هەزار و ١٠٠ سەرباز و پۆلیس لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا بەشدارییان تیادا کرد، خەڵک بە جیاوازییەکی زۆر لە دەنگەکان شارەوانی خۆیان وەرگرتەوە و هاوسەرۆکایەتییەکانی خۆیان لە هەڵبژاردنەکەدا سەرخست.

 

هاوسەرۆکانی شارەوانی کە لەگەڵ خەڵکدا چوونەتە ناو شارەوانییەوە، دەستیان بە کارکردن کرد بۆ خزمەتکردنی گەل.

 

جێی ئاماژەیە، لە پاسوردا سەنتەری دامەزراندن و ژیانی ژنان و سەنتەری ڕۆشنبیری و هونەری گەنجان لە پڕۆسەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەدەپە دروستکران و گواسترانەوە بۆ ئیدارەی قایمقامیەت، دوای ئەوەش بەهۆی دانانی قەیومەوە، هیچ دامەزراوەیەک نەما کە لە ڕووی دەروونی و یاساییەوە پشتیوانی ژنان بکات، فاتمە ئەی، هاوسەرۆکی شارەوانی پاسور باسی لەوەکرد، کە دەبنە دەنگ و ڕەنگی ژنان و سەرلەنوێ ناوەندەکان دەژییەننەوە.

 

فاتمە ئەی ڕاشیگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا کە دەستیان بە کارکردن بۆ دامەزراوەی ژنان کرد، قەیومێک بۆ شارەوانی دامەزرا و لەو ماوەیەشدا لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دامەزراوەیەکی نوێی ژنانیان کردەوە کە لە ڕووی دەروونی و یاساییەوە پاڵپشتی ژنان بکات، بەڵام لە ماوەی ئەم ٨ ساڵەدا هیچ خزمەتگوزارییەک لەلایەن قەیومەکانەوە پێشکەش نەکراوە، لە کاتێکدا کە بە وردی بەدواداچوون بۆ قەرزەکانی شارەوانی دەکەن، تا ئێستا نزیکەی ٤٠ ملیۆن قەرز دەستنیشان کراون.

 

"خەڵک بەرگری لە کەرامەتی خۆی کرد"

فاتمە ئەی جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی بوونی قەیوم لە شارەوانییەکاندا، هیچ خزمەتگوزارییەک لە گوند و سەنتەری شارۆچکە و شارەکاندا پێشکەش نەکراوە، بەڵام بە ئیرادەی گەل کە قەیومی پەسەند نەکرد، دووبارە شارەوانییەکانمان بەدەستهێنایەوە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە خزمەت بە گەل بکرێت.

 

فاتمە ئەی ئاماژەی بەوەشکرد، لە پرۆسەی پێشوودا هیچ کارێک لە ناوچەکەدا نەکراوە کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەبێت، وتیشی: ئێستا لە سەرەتادا دەست بە پرۆسەی یاسایی دەکەین بۆ وەرگرتنەوەی سەنتەری دامەزراندنی ژنان، ئامانجمان بنیادنانی ڕێکخراوێکی ژنانە لەپێناو ئەوەی دەسەڵاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان لە ناوچەکەدا هەبێت، پاشان ئامانجمان بنیادنانی سەنتەرێکە بۆ گەنجان، چ بۆ دامەزراندن و چ بۆ ڕۆشنبیری و چ بۆ وەرزش، ئەمانە پڕۆژەی ئێمەن، بێگومان یەکەم هەنگاومان بۆ ژنان دەبێت، دووبارە دەنگ و ڕەنگی ژنان دەژیەنینەوە، ئێمە هەنگاوی گرنگ دەنێین بۆ ئەوەی ببنە ناونیشانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان.