کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی شاری حەسەکە ڕاگەیەندرا

پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە و کۆنگرەی ستار بە ڕاگەیەندراوێک ئەنجامی هەڵبژاردنی دیاریکردنی کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانیی شاری حەسەکەیان ڕاگەیاند.

حەسەکە

 

دوێنێ پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە هەڵبژاردنی دیاریکردنی کانیدانی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی شاری حەسەکەیان بەڕێوەبرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندرا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی بڕگەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣٠ی ئایاردا، هاوپەیمانی نێوان پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە ١٧ی نیسان ڕاگەیەندرا، بە پێی ئەوەش کۆنگرەی ستار کۆتایی بە هەڵبژاردنی دیاریکردنی کاندیدی ژنی هاوسەرۆکایەتی شارەکە هێنا، ئەمڕۆش پەیەدە و کۆنگرەی ستار هەڵبژاردنی دیاریکردنی کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانیەکانمان ئەنجامدا و بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەچوو، بەپێی ئەو دەنگانەی کە دراون، مەجید دێواس ئیسماعیل ٨١٦ دەنگی کۆکردووەتەوە. پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێدەکەین و هیوادارین بە ئەرک و ویژدان و بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە کارەکانی جێبەجێ بکات".

 

بەپێی هەڵبژاردنەکانی پێش هەڵبژاردنی کۆنگرەی ستار کە لە ٢٤ی نیسان بەڕێوەچوو، هەروەها هەڵبژاردنەکانی پێش هەڵبژاردنەکانی پەیەدە و کۆنگرەی ستار کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری حەسەکە بریتین لە عنود بەدرخان دقوری و ماجید دێواس ئیسماعیل.