حکومەتی کاتی سووریا حیجابی بۆ ژنان سەپاند
حکومەتی کاتی سووریا حیجاب بۆ ژنان دەسەپێنێت، ئەو ڤیدیۆیانەی کە نیشان دەدەن چۆن بانگەواز بۆ خەڵک و ژنان دەکەن کە پێویستە لەچک و جلی ڕەش لە گەڕەکێکی مەسیحی لە حەلەب زیاد بکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی سووریا بیروباوەڕی پێکهاتەجیاوازەکان لەخۆدەگرێت، دابەشبوون یان زاڵبوونی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا قورسە، باڵادەستی حزبێک یان مەزهەبێک بەسەریدا ناسەپێندرێت، هەر بۆیە ژنان قبوڵ ناکەن سنووردارکردن بەسەریاندا بسەپێندرێت و لەلایەن کەسەوە کۆنترۆڵ بکرێن، لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دامەزراندنی حکومەتی کاتی سووریا، ژنانی سووریا لە دڵەڕاوکێدا ژیان بەسەر دەبەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندرا کە حکومەتی کاتی سووریا بڕیاری حیجاب و جلی ڕەشی بەسەر ژناندا سەپاندووە.
"جلوبەرگی ئیسلامی دابەش دەکرێت"
گروپێکی سەلەفی بە ناوی "بانگەوازی میهرەبانی" لە ناو شاری حەما نامیلکەیان بڵاوکردەوەو داوای "کوشتنی ئەو کەسانە کراوە کە نەفرەت لە خودا دەکەن"، کە گروپێک لە ٢٥ ژن لە شاری حەما دەستیان بە دابەشکردنی حیجاب کردووە و ١٠٠ جلوبەرگی ئیسلامی دابەش کراوە، بەشێک لە مەرجەکانی جلوبەرگی ئیسلامی بریتین لە؛ دەبێت هەموو جەستەی داپۆشێت، هاوشێوەی جلوبەرگی ژنانی کافر نەبێت، تەسک نەبێت، ڕوون نەبێت، هیچ دیکۆراتێکی تێدا نەبێت و نابێت جلوبەرگی بەناوبانگ بێت.
"ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندن"
سەبارەت بە باشترکردنی بەرنامەی پەروەردە، حکومەتی کاتی سووریا چەند گۆڕانکارییەکی کرد، ئەم گۆڕانکارییە لە پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە بۆ پۆلی سێیەمی ئامادەیی کرا، بیرۆکەی پەروەردەی نیشتمانی تا ڕادەیەکی زۆر لابرا و بیرۆکەی پەروەردەی ئیسلامی جێگەی گرتەوە، جگە لەوەش وشەی "بنەمای مرۆڤایەتی" گۆڕدرا بۆ "براییەتی باوەڕیی" و ناوی زەنوبیا لەو داتایانە سڕایەوە، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بازنەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و جەماوەریدا بەدوای خۆیدا هێنا.
سیمبولی گەلی سووریا لە وانەکان لابرا
زەنوبیا شاژنی پالمیرایە، سوورییەکان بە هێمایەکی مێژوویی دەزانن و لە مێژوودا ڕۆڵی پێشەنگی بۆ ژنانی سووریا گێڕاوە، چونکە توانی ئیمپراتۆریەتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا لە دژی ڕۆما بونیاد بنێت، هێشتا ئەوانەی دژی گۆڕانکارییەکە بوون دەیانوت لابردنی ناوی زەنوبیا لە پرۆگرامی خوێندن، ترسی کۆمەڵگە دەردەبڕێت لە ڕۆڵی ژنان،هەندێکی تریش دەیانوت ئەم گۆڕانکارییە مێژووی سووریا دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی نەزانینی تەواوی نەوەی داهاتوو کە مێژووی وڵاتەکەیان نازانن.