زەینەب و بێریتان بە مەراسیمێکی شکۆدار لە حەسەکە بەخاک سپێردران

بە هەزاران دانیشتوی هەرێمی جزیرە لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی هاوسەرۆکی نوسینگەی داد و چاکسازی خۆبەڕێوەبەری زەینەب سارۆخان و بێریتان دەرسیم، لە گۆڕستانی شەهید دژوار و مەدیا لە شاری حەسەکە ئامادەبوون.

حەسەکە

 

بە هەزاران دانیشتوی هەرێمی جزیرە لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی هاوسەرۆکی نوسینگەی داد و چاکسازی خۆبەڕێوەبەری، زەینەب سارۆخان، کە لە ئەنجامی هێرشێکی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەسەر ڕێگای دێرک گیانی لەدەستدا و بێریتان دەرسیم، ئەندامی یەبەشە کە لە تەبقا گیانی لەدەستدا، لە گۆڕستانی شەهید دیژوار و مەدیا لە حەسەکە ئامادەبوون.

 

"دەوڵەتی تورک ڕێبەرانی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج"

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و دواتر فاتمی عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەردۆغان بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتەسەر ژنان، بە بەئامانجگرتنی ڕێبەرەکانمان دەیەوێت ئیرادەی گەل ببەزێنێت، بەو شێوازانە مێشکی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج و بێ پێشەنگیان دەکات، بۆیە ئەمڕۆ پێشەنگی ژنان وەک ژیان تۆلهەڵدان و زەینەبیان کردە ئامانج، ئێمە لە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ناترسین، فەلسەفەیەکی ئازادمان هەیە و لەلایەن پێشەنگەکانمانەوە پەروەردە کراوین، هەرگیز خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەین.

 

"شکستی دوژمن لە ئۆپەراسیۆنی ئاسایش و ئەمنیدا ڕقیانی زیاتر کرد"

ئەڤیندار دێرک، ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەربازی هەرێمی جزیرە، وتی: ئەو هێرشانەی ئێستا لە هەرێمەکەماندا ڕوو دەدەن، بەهۆی سەرکەوتنی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە ئۆپەراسیۆنی ئاسایش و ئارامیدا، چونکە تاکتیکەکانی زیندووکردنەوەی چەتەکان تێکشکێندرا، بۆیە ئەم هێرشانە بەهۆی ڕق و کینەی شکستەکەیانەوەیە، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان ناسرا و شەڕڤانانی یەپەژە لە دژی مەترسیدارترین ڕێکخراوی جیهان وەستانەوە و هەزاران شەهیدیان دا، بەڵێن دەدەین کە بە دوای هێڵی شەهیداندا بڕۆین و تا دوا خولەک ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدان بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە بەرزبکەینەوە".

 

"ئێمە ژیانێکی ئازاد لەگەڵ بەشەکانی جەرگمان دروست دەکەین"

خوشکی شەهید زەینەب، لەیلا سارۆخان لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: هەرچەند هەوڵبدەم ئازایەتی و بوێری خوشکەکەم بە وشە دەرببڕم، هیچ وشەیەکی بەنرخم نەبینیوە کە شایستەی ئەو بێت، کاتێک براکەمان شەهید بوو، زەینەب وتی کە بارەکەی من قورسە و هەمیشە لە خەبات بوو بۆ جێبەجێکردنی کەیسەکەی، ئێستا من دەڵێم بارەکەم قورس بوو، من دەبێت شایستەی شەهیدبوونی خوشکەکەم بم، وڵاتێکی ئازاد بە ئاسانی ناتوانرێت دروست بکرێت، ئێمە وڵاتێکی ئازاد بە بەشەکانی جەرگمان دروستدەکەین".

 

زەینەب محەمەد سارۆخان لە ٦ی نیسانی ١٩٨١ لە دایک بووە و لە خێزانێکی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە، زەینەب بە ئازایەتی و ئیرادەیەکی زۆر ناسراو بوو لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوادا، کاری دروستکردنی کۆمەڵەی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ی ئەنجامدا و پاشان لە ئەنجومەنی ژنانی هەرێمی جزیرە شوێنی خۆی گرت، ئەو بۆ ئازادی ژنان هەمیشە لە بزووتنەوەدا بووە، لەم دواییانەدا زەینەب سارۆخان بۆ هاوسەرۆکی فەرمانگەی داد و چاکسازی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵبژێردرا و لەکاتی کارکردنیدا لەسەر ڕێگای دێرک لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و گیانی لەدەستدا.