لە مەخمور ژنان بۆ ژینا ئەمینی ڕێپێوانیان کرد
ژنانی کەمپی ئاوارەکانی مەخمور بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بەڕێوە برد و بە نیشاندانی کورتە شانۆگەرییەک، کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە دژی ژنان شەرمەزار کرد.
مەخمور
ناڕەزایەتییەکان دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی بەردەوامە کە لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەشکەنجە درا و کوژرا، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ژنان لە هەموو کوردستان و جیهانەوە هەموو ڕۆژێک بە خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دێنە مەیدان و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان دەکەن.
ژنانی کەمپی ئاوارەکانی مەخمور بە ڕێبەرایەتی ئەنجومەنی عەشتار ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخست و بە پیشاندانی کورتە شانۆگەرییەک کردەوەو هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر ژنان شەرمەزار کرد.
ڕێپێوانەکە لەلایەن ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانەوە دەستیپێکرد و لەو ڕێپێوانەدا ئەو ژنانە وێنەی ژینا ئەمینی و ئەو ژنانەی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون، بەرز کردەوە، دوای یەک خولەک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان مامۆستا بێریڤان دەمیر بەناوی ژنانی مەخمورەوە لێدوانێکی دا، بێریڤان دەمیر لە وتارەکەیدا سەرنجی بۆ ئەو شۆڕشە ڕاکێشا کە ژنان سەرکردایەتی دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ناڕەزایی خۆیان لە سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالار دەردەبڕن.
" هۆکارەکە دەسەڵاتی پیاوسالارە "
بێریڤان دەمیر لە وتارەکەیدا دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانی شەرمەزار کرد و وتی: ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی جیهان پشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و لە هەموو جیهاندا ژنان ڕاوەستاون، ئێستا سیستەمی دەسەڵاتدار هێرش دەکاتە سەر ژنان، ئەوانەی دەیانەوێت مافەکانیان بسەلمێنن و مافی خۆیان وەربگرن دەبێت بوەستنەوە وهەڵوێستی خۆیان لە دژی داگیرکاری نیشان بدەن چونکه ئەگەر ئەمڕۆ له گه ڵ خوشکە ڕۆژهەڵاتییەکانمان یه کگرتوو نه بین، ڕۆژانه ده کوژرێین، هۆکارەکەشی ئەو سیستمەیە کە ئەمڕۆ دژی ئێمە جێبەجێ دەکرێت، کاتێک ئازادی ژن هەبێت کۆمەڵگا ئازاد دەبێت، سیستەمی دەسەڵاتدار بە پێچەوانەی ویستی ئەوان دەیەوێت ژن لەناو ببات، بە تایبەتی ئێمە وەک ژنانی مەخمور پشتگیری لەو ژنانە دەکەین کە هەڵوێستی خۆیان لە دژی حکومەت دەردەبڕن و ئێمەش لەگەڵیانین.
دوای لێدوانەکە، کورتە فیلمێک دەربارەی ئەو ژنانەی کە لە لایەن ڕژێمی ئێران و دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کوژران پیشاندرا و دروشمەکانی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ و ‘شەهیدان نامرن’ بەرزکرانەوە.
"کوشتنی ژینا ئەمینی هێرشێکە بۆ سەر هەموو ژنان"
غوربەت ئیشلەك، ئەندامی هەماهەنگی ئەنجوومەنی عەشتاری مەخمور، قسەی بۆ ئاژانسەكەمان كرد و بە پێشوازیكردن لە شۆڕشەکەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران رایگەیاند: "ئێمە ئیدانەی ئەو دەسەڵاتە دەكەین كە ژینا ئەمینی كوشتووە، کە سەرکردەی ئەو بەرخۆدانەیە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، خەڵک چیتر ئەو دەسەڵاتە قبوڵ ناکات کە بەناوی ئیسلامەوە پراکتیزە دەکرێت، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بە ناوی ئیسلامەوە دەکوژرێن و لە سێدارە دەدرێن، کردەوە خراپەکانیان بەسەر ژنان و گەنجانی کورددا ئەنجام دەدەن، هێرشی سەر ژینا ئیمینی هێرشێکە بۆ سەر هەموو ژنان، دەبێت هەست بە ژنانی کورد بکەین، ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە و دژی ئەمە دەبێت خەبات بکەین".