پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرش و بۆردومانەکانی ئێران دەکات

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە هێرشەکان ناڕەواو بێ پاساون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە دانیشتینی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر هێرشەکانی ئێران کە ٢٨ی ئەیلول کردیە سەر کۆیە، پردێ و زڕگوێز ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە، کە ناوڕۆکی ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەبوو: " دوێنێ ٢٨-٩-٢٠٢٢، سوپای پاسدارانی ئێران به‌ چه‌ندین مووشه‌ك و درۆنی خۆكوژی، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستانى له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی بۆردومان كرد، پێش چه‌ند ڕۆژێكیش په‌لاماری هه‌ندێ ناوچه‌ی لە سنووری سیده‌كان و ده‌ڤه‌ری برادۆستى دابوو، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وا و بۆردومانه‌ بێ پاساوه‌ی ڕژێمی ئێران، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون، له‌م په‌لاماره‌دا چه‌ندین ناوچه‌ی سیڤیل و قوتابخانه‌ و ماڵ كرابوونه‌ ئامانج".

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەودا هاتووە: " به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ ده‌كه‌ین و پێمانوایه‌ له‌ ژێر هه‌ر بیانوو و پاساوێكدا ناكرێت په‌نا بۆ تووندوتیژی و مووشه‌ك و په‌لاماری سه‌ربازی و بۆردومانكردن ببرێت".


په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە سوورە له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی خۆی، به‌وه‌ی كه‌ خوازیاری په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و سه‌روه‌ری و بنه‌ماكانی دراوسێیه‌تی باش، و به‌پێ یاسا و عورفه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا و پشتیوانیی هیچ هه‌وڵ و جووڵه‌یه‌كی نییه‌ كه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌لاماری وڵاتان به‌كار بهێندرێت، پێیوایە چاره‌سه‌ری سه‌ربازی و هێرش و په‌لامار نه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر و ڕیشه‌كێش ناكات، به‌ڵكو ئاڵۆزی ده‌كات.


په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا له‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، ئاستێك بۆ ئه‌م په‌لامار و پێشێلكردنانه‌ی خاك و سه‌روه‌ریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دابنێن.
 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "جارێكی دیكه‌، وێڕای نیگه‌رانی قووڵمان و سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی ئێران، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی په‌رله‌مانی كوردستان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ین و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین".