لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢ ژن لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لەسێدارەدران

لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە، ٢ ژن بە تۆمەتی 'کوشتنی بە ئەنقەست' لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لەسێدارەدران.

 ناوەندی هەواڵ

 

گوشار، دەستبەسەرکردن، گرتن، ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی هاوڵاتییان بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، بە تایبەت بۆ هاوڵاتییانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بریندار دەکرێن، دەستبەسەر و لەسێدارە دەدرێن.

 

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ژنێک بە ناوی سوهەیلا عەبیدی (٢٣ ساڵ) خەڵکی شارۆچکەی بیجاڕ لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تۆمەتبار کراوە بە 'کوشتنی بە ئەنقەست' پیاوێک ٧ ساڵ پێش ئێستا، کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

 

دوێنێ هێزەکانی ئێران لە بەندیخانە سوهەیلەیان بردە ژوورێکی تاکەکەسی لە بەندیخانەی سنە و هەڵیانواسی و لە سێدارەدرا.

 

لە هەمان کاتدا لە شاری ورمێ، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوبەر ژنێک بە ناوی فەرانەک بیهەشتی خەڵکی شارۆچکەی تیکاب، بە بیانووی 'کوشتنی بە ئەنقەست'ی ئەو پیاوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵ کردبوو، لە بەندیخانەی ورمێ هەڵواسرا.

 

لەلایەک سیاسەتی دژە ژنانی ڕژێمی ئێران و لەلایەکی دیکەوە تێڕوانین بۆ پیاوسالاری و دواکەوتوویی لە کۆمەڵگەدا، ژنان بەرەو کۆمەڵکوژی دەبات.